کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتوویی خوێندکارانی کورد، تورک و فارس دژی ڕێژیمی ئێران

18:28 - 11 پووشپەڕ 2721

ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کورد، تورک و فارس بە مەبەستی یەکگرتوویی و هاوخەباتی دژی ڕێژیمی ئێران سەردانی شوێنی شەهیدکرانی شەهیدان "سمکۆ مەحمەڵ و سۆهراب خەدیریی‌پوور"یان کرد.

خوێندکارانی کورد لەو سەردانەدا بۆ شوێنی حەماسەی شەهیدان "سمکۆ و سۆهراب" باسیان لە چۆنییەتی شەهیدکران و خۆڕاگریی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کوردستان کردووە کە چۆن لە شەڕ دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کراون.

خوێندکارانی تورک و فارس وێڕای هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان "سمکۆ و سۆهراب" ڕێزیان لە خەباتی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کوردستان گرتووە کە گیانی خۆیان بۆ ئازادی بەخت کردووە.

ڕێکەوتی ۳۰ی بانەمەڕ،  چەکدارە دژیگەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێڕێیانی "بورهان" لەنێوان ئاواییەکانی "بەردەمێش، زگدڕاو و قەرەبڵاغ" بۆسە دادەنێنەوە و ته‌قه‌ له‌ تیمێکی پێشمەرگەکان دەکەن؛ لە ئاکامی تێکهەڵچوونەکەدا پێشمەرگەی شاخ "ئەنوەر نەسیریی چیانە" ناسراو بە "سمکۆ مەحمەڵ" و پێشمەرگەی شار "سوهراب خەدیریپوور" ناسراو بە "شاخەوان" خەڵکی شاری مەهاباد شەهید بوون.