کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی ژنانی دێمۆکرات لە وڵاتی نۆروێژ سیمینارێکیان لەژێر ناوی \"تێکەڵبوون و خۆگونجاندن\" بەڕێوە برد

14:07 - 13 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئۆسلۆ لە وڵاتی نۆروێژ سیمینارێکیان سەبارەت بە تێکەڵبوون و خۆگونجاندن بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١١ی سەرماوەز، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی نیشتەجێی نۆروێژ و خاتوو شانەChanneh، نوێنەری EMI (دامەزراوەی رێکخراوە فرەچەشنییەکان) و خاتوو ئیلیزابت Elizabeth نووسەری کتێبی Integrering er informasjon تێکەڵبوون زانیارییە ، ئەو سیمینارە بەڕێوە چوو.
سەرەتا مونیرە جیهانی، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنان، وەک بەڕێوەبەری سیمینارەکە، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ریزی بەرنامەکانی خوێندەوە.


دواتر رەعدەپاڵانی، بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنان لە نۆروێژ وتی: تێکەڵبوونی ژنان بە دنیای کار و دەرەوەی بنەماڵە لە وڵاتی نۆروێژدا هەنگاوێکی بوێرانەیە. چوونکە ئەو کچ و ژنانەی کە توانیویانە بچنە دەرەوەی ماڵ و تێکەڵ بە بازاڕی کار بن، تەنیا بژێوی ژیانیان دابین نەکردووە، بەڵکوو بەو هەنگاوە توانیویانە بیسەلمێنن کە ئەگەر دەرفەت بۆ هەموان بە بێ جیاوازی بڕەخسێ، ئەوانیش وەک پیاوان و بگرە زیاتر دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن.
دوای ئەو بڕگە، کۆڕگێڕ پەخشان ئەحمەدی بە دابەش کردنی ئەو چەمکە بە سەر چەند تەوەری جیاوازدا وەک رەوت و پرۆسە، ئامانجی دیاری کراو و بەشداری لە دنیای کار و بازاڕی خانووبەرە و هەروەها خوێندن و فێربوونی زمان، رایگەیاند: ئەم چەمکە لە باری سیاسی و کولتووری و هونەری و گەلێک بواری دیکە لە کۆمەڵگادا رۆڵی هەیە.
ئەحمەدی لە درێژەی باسەکەدا وتی: ئەرکی تێکەڵبوون و خۆگونجاندن نە تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتە، بەڵکوو ئەو کەسە بیانییەش کە دەیهەوێ لەو کۆمەڵگا نوێیەدا جێی خۆی بکاتەوە، دەبێ هەوڵی بەردەوام بدا تا بتوانێ بەو ئامانجە کە تێکەڵبوون بە دنیای کار و درێژەی ژیانە لەو کۆمەڵگایەدا، بگا.

خاتووپەخشان وتیشی: تێکەڵبوون بۆ ئێمەی کورد زۆر پێویستە و دەبێ لە نێوان تێکەڵبوون و توانەوە واتە ئاسیمیلاسیون جیاوازی دابنەین. ئەو کەسەی تێکەڵی دنیای کار و بازاڕی ئەو کۆمەڵگا تازەیە دەبێ، پاشخانی نەتەوەیی خۆشی کە لە کوێوە هاتووە و سەر بە چ نەتەوە و وڵاتێکە، دەپارێزێ.

کۆڕگێڕی دووهەم خاتوو Gunnhild Aakervik گوینهیلد ئۆکرڤیک بوو کە سەبارەت بە چەمکی Integrering بۆ ئامادەبوان دوا.
گوینهیلد ئۆکرڤیک وتی: تێکەڵبوون بەو زانیارییانەوە بەندە کە لە کۆمەڵگا نوێیەکەدا دەست دەکەوێ. ئەو زانیاریانەش بە پێوەندی گرتن و ئاخاوتن لە گەڵ خەڵکی ئەو وڵاتەدا دەستەبەر دەبێ. سەرەتا ئەو کەسەی دێتە وڵاتێکی نوێ و ژیان دەست پێدەکا، هەموو شتێکی بۆ نوێیە. لە چاوەڕوانییەکانی خۆیەوە بگرە تا رووبەڕوو بوونەوەی لە گەڵ دیاردە نوێیەکاندا هەموو بۆی تازەیەو بۆ ناسینی گشت ئەو رایەڵکانە دەبێ تێبکۆشێ و بە ئەرک و مافەکانی خۆی ئاشنا بێ.
خاتوو ئۆکرڤیک پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە زمان ئاڵقەیەکی پێوەندی نێوان خەڵکی بیانی و نۆروێژییەکانە. پاش زمان، کار پەیداکردن و تێکەڵبوون بە بازاڕی کار مەرجی سەرەکییە. ئەمەش کاتێک دەستەبەر دەبێ کە بخوێنی و بەشداری لە کۆرسە جۆراوجۆرەکاندا بکەی. واتە خوێندن و دیتنی کۆرسی جیاواز، رێگایەکی دیکەیە بۆ تێکەڵ بوون.