کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی تاکسیی نێوان شارەکان: کرێ دەبێ هەتا ٢٠ لەسەد بەرز ببێتەوە

12:18 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دوای بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین لە ئێراندا، بەرپرسی یەکیەتیی تاکسیی نێوان شارەکان داوای کردووە کە نرخی کرێی ئەم یەکیەتییە ١٠ تا ٢٠ لەسەد بەرز بکرێتەوە.

''ڕەحمەت محەممەد عەلی''، بەرپرسی یەکیەتیی تاکسیی نێوان شارەکان وتوویەتی، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئێمە پشکی بێنزینی ٤٥ هەزار ئەندامی ئەم یەکیەتییەیە کە بە ماشینی کەسیی خۆیان لە جادەی نێوان شارەکاندا کار دەکەن.

پشکی بێنزینی ئەم تاکسییانە وەکوو خەڵک، ٦٠ لیتر لە مانگ لەبەرچاو گیراوە، لە حاڵێکدا کە مانگانە لە نێوان ١٠٠٠ هەتا ١٢٠٠ لیتر بێنزین دەسووتێنن.

ناوبراو وتوویەتی، بەپێی ئەم تاوتوێیانەی کە ئەنجام دراوە، ئەگەر پشکی پێداچوونەوەکراو بۆ شۆفیرانی ئەم یەکیەتییە کەمتر لە هەزار لیتر بێت، دەبێ نرخی کرێ ٢٠ لەسەد و ئەگەر لە نێوان هەزار هەتا ١٢٠٠ لیتر بێت، نرخی کرێ دەبێ ١٠ لەسەد بەرز بکرێتەوە.

بەپێی پەسندکراوێکی شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی ئابووریی کاربەدەستانی هێزەکانی "یاسادانان، بەڕێوبەری و دادوەری"، لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، نرخی بەنزین لە ئێراندا گران بوو.

بەپێی ئەو پەسندکراوە نرخی بەنزین بەم شێوەیەیە: "بەنزینی ئاسایی بە شێوەی سەهمییە، هەر لیترێک بە ١٥٠٠ تمەن. بەنزینی ئاسایی ئازاد، هەر لیترێک بە ٣ هەزار تمەن. بەنزینی سوپێر، هەر لیترێک بە ٣٥٠٠ تمەن".

دوای گرانبوونی بەنزین، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵک بە هاتنە سەر شەقام ناڕەزایەتییان دەربڕی.