کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی "میکۆنووس" پەیامێکیان بڵاو کردەوە

11:21 - 27 خەرمانان 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، یەکیەتیی خوێندکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و گەلانی بەشەرەفی ئێران!

خوێندکارانی بە‌هەڵوێستی نێو سەنگەری زانست!

٢٩ ساڵ پێش ئێستا لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا، كه‌ ته‌نها ٣ ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ دوکتور''عه‌بدولڕه‌حمانی‌ قاسملوو'' تێپه‌ڕی‌، له‌ ڕێستۆرانی "میكۆنووسـ"دا و له‌ شاری‌ "بێرڵینـ"ـی پێتەختی وڵاتی "ئاڵمان" و لەنێو دڵی ئەرووپا دوكتور ''سادق شه‌ره‌فكه‌ندی''‌ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سێ کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی "فەتاح عەبدولی"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، "هومایوون ئەردەڵان"، نوێنەری حیزب لە "ئاڵمان" و "نووری دێهکوردی"، خەباتکاری ناسراوی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات، بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران.

دوکتور ''سادق شەرەفکەندی'' ڕێبەر و کەسایەتیی هەڵکەوتوو و دیاری نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بەرز و بەرچاوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، ئەخلاقی، ئینسانی و خاوه‌نی زانست و زانیاری بوو.

بەشێکی بەرچاو لە ژیانی دوکتور "شەرفکەندی"، لە سەنگەری خوێندن و فێربوون و فێرکردن تێپەرێوە،

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری "مەهاباد" و ساڵی کۆتاییی دەبیرستانی لە "تەورێز"، تەواو کرد و ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە دانشسەرای باڵای "تاران"، لیسانسی شیمیی وەرگرت، جێگای سەرنجە کە لە ھەموو پلەکانی خویندندا یان خاوەنی پلەی یەکەم یان یەکێک لە باشترین قوتابییان و خوێندکاران بوو.

ھەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای وانەی  شیمی و ھەتا ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە شارەکانی "ورمێ" و "مەھاباد"، بە ئەرکی مامۆستایەتییەوە خەریک بوو، لەو ماوەیەدا وەک مامۆستایەکی شارەزا ناوی دەرکردبوو، سەرەنجام "ساواک"، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی ھاوبیر و ھاوکاری بۆ شارەکانی "ئەراک" و "کەرەج" و چەند شاری دیکە دووری خستەوە.

دوکتور''شەرەفکەندی'' ساڵی ١٣٤٩ بۆ زانستگەی "تەربیەت موعلیم"، نەقڵکراو وەک یارمەتیدەری بەشی شیمی کاری پێ ئەسپێردرا، پاش نیشاندانی لێوەشاوەییەکی تەواو لەو ئەرکەدا، ساڵی ١٣٥١ی ھەتاوی بە کەڵکوەرگرتن لە ''بوورسـ''ـی وەزارەتی علووم چوو بۆ "فەڕانسە" و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە توانی دوکتورای "شیمی ئانالیز" لە زانستگای ژمارە ٦ی پاریس وەربگرێ.

دوکتور "سادق شەرفکەندی"، ساڵـی ١٣٥٥ گەڕایەوە "تاران" و وەک ئوستادیاری شیمی لە زانستگای "تەربیەت موعلیم"، درێژەی بە کاری مامۆستایەتی دا کە لە بەجێھێنانی ئەو ئەرکەشدا بەتەواوی سەرکەوتوو بوو، ھەربۆیە بوو بە خۆشەویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئەو زانستگایە و وەک مامۆستایەکی دڵسوز و لە ھەمان کاتیشدا خەباتگێڕ ناوی دەرکرد.

ناوبراو کەسایەتییه‌کی فەرهەنگی و مامۆستایەکی شارەزا و پسپۆڕ بوو،  کە لە سەرەتای هاتنەوەی بۆ کوردستان و بەشداریی ڕاستەوخۆی لە جووڵانەوەی دێموکراتیکی گەلی کورددا، بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات  لە بواری نووسینەوە بۆ زانیاریی زیاتری تەشکیلاتی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەستی بە نووسین کرد و تواناکانی خۆی خستە گەڕ .

بە شەهیدبوونی دوکتور "شەرەفکەندی"، نە تەنیا زەبرێکی قورس وەبەر جەستەی حیزبی دێموکرات کەوت بەڵکوو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە کوردستان، ئێران و ناوچەکەش بەگشتی تووشی خەساریکی گەورە کرد چوونکە دوکتور "شەڕەفکەندی"، شۆڕشگێڕێکی ئازادیخواز، بیرمەندێکی نەترس و کاربەڕێوەبەرێکی بەتوانای گۆڕەپانی سیاسی بوو کە لێبڕاوانە و بە هەڵویستەوە دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەوەستاوە و تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، حیزبی دێموکرات و بزوتنەوە ڕەواکەی بە گوڕ و تینێکی ژیرانە، بەگژ داگیرکەراندا دەچووەوە و کۆماری ئاخوندی وەلەرزە هێنابوو.

٢٩ ساڵ دوای تیرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی"، سیاسەت و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران نەگۆڕاوە و ئەم ڕێژیمە هەروەک جاران لە ڕێگای  سەرکوت و تێرۆر و مووشەک وڵامی داوا ڕاواکانی گەلی کورد لە ئێران دەداتەوە.

وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، لە ٢٩ـهەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تێرۆریستیی "میکونووسـ"ـدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ ڕێگە و ڕێبازی دوکتور "شەرەفکەندی" و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان نوێ ‌دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین لە بەرامبەر تێرۆر و کوشتن و جینایەتی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی تێکدانی ژینگە و سەقامگیری و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی و تێرۆری چالاکانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بێدەنگ نەبن.

سڵاو لە شەهیدانی "میکۆنووس"

سەرشۆڕی و نەمان بۆ ڕێژیمی

تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان.

٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی

١٧ی سپتامبری ٢٠٢١