
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی هاتنی جێژنی ڕەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بڕواداران و هاونیشتمانیان و ڕۆژووانانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەوا ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر مانگی پڕ خێر و بەرەکەتی ڕەمەزانمان، بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و هەمبانەی چاکە و کردەوەی چاکمان پڕ کرد و دەستووراتی پەروەردگاری مەزنمان بەوپەڕی سەربەرزی بە ئەنجام گەیاند.
ڕەمەزان مانگی ڕەحمەت و بەخشش و ئازادییە لە تاوان و سەرپێچی ئەوانەی توانیان ڕەمەزان بە باشی بگرن ڕەزامەندیی خوداوەندی گەورەیان بەدەست هێنا، ئەوانەش بە هەر هۆکارێک جا چ هۆکاری نەخۆشی، سەفەر و کاری سەخت نەیانتوانی وەک خۆی ڕەمەزان بەڕۆژوو بن پێویستە لە مانگەکانی دوواتر بەڕۆژوو ببنەوە و قەرزی ڕەمەزان بدەنەوە و پێویستە پێش نوێژی جێژن زەکاتی سەرفترە ببەخشن و دڵی هەژاران شاد بکەن.
بەم بۆنەوە یەکیەتییەکەمان پێرۆزباییتان لێ دەکات و لە خوداوەند دەپاڕێینەوە لێمان قبوڵ بکات و ببێت بە مانگی ئاشتی و ئازادی و ڕزگاری بۆ گەلە چەوساوەکەمان، داواکارین بە سەردانکردنی بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، هەژاران، دەردەداران ئەرکی ئینسانی و ئیسلامیی خۆتان بەجێ بگەیەنن.
هەموو ڕۆژێکتان جێژن و جێژنی ڕەمەزانی پیرۆزتان پیرۆز بێت.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٣٠ی ڕەمەزانی١٤٤٣ی کۆچی
١١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی