کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی پشتیوانیی لە زارا محەممەدی کرد

11:07 - 4 رەشەمه 2720

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە  بەم چەشنەیە:

"پێشگرتن لە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک وەستان و دژایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە"

خودای مەزن بێ جیاوازیدانان لە نێوان نەتەوە و گەلان، تەنیا بە تەقوا نەبێت، ڕەنگین‌کەمانێکی لە زمان و ڕەنگ و ڕەگەز دروست کردووە و مافی وەک یەکی بۆ دابین کردوون بە مەبەستی یەکترناسین و ڕێزدانانی دوولایەنەی مرۆڤانە.

یا ایهاالناس انا خلقناکم من ذكر وانثی، وجعلناكم شعوبا و قبائل لتعارفوا ان اكرمكم عندالله اتقكم.

واتە ئەی مرۆڤایەتی ئێمە ئێوەمان لە نێرە و مێیەک دروست کردووە و دابەشن کردوون بە سەر گەل و هۆز و نەتەوەی جیاواز بۆ ناسینی کلتووری یەکتر، ئەو کەسە بەڕێزترە کە لە خوداترستر بێت.

زمان یەکێک لەو نیعمەت و بەخششانەیە کە بە نەتەوەکان بەخشتراوە، دیارە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی هێز و توواناییە جۆراوجۆرەکان بۆ پێشگرتن لە پەروەردەیی زگماکی و زمانی خۆجێیی و دایکی لە ڕاستیدا دژایەتی ئەو بەخششەی خودای مەزن دەکردرێت.

هەرچەند لە یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژە بە خوێندن و ڕاهێنان بە زمانی دایکی کراوە بەڵام لە کردەوەدا دژایەتی دەکرێت و چالاکوانانی ئەم بوارە دەسبەسەر و سزا دەدرێن، بۆ وێنە سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ خانمی زمانی کوردی خاتوو زارا محەممەدی ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ڕژیمی ئێران لە دژایەتی تەواوی گەلانی ئێران و یەک لەوان گەلی کوردە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگا نادات ئەم نەتەوەیە لەو بەخششەی خودای مەزن بەهرەمەند بێت.

زیاتر لە ٤٢ساڵ دەسەڵاتی بە ناو ئایینیەکەی ئێران بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو ئامرازێکی سەرکوتکردن، کۆمەڵگای کوردی لە کوردستاندا خاپوور و لە ژێر چاوەدێرێکی چڕ و بێ بەزەیانە ڕاگرتووە و بە ڕێگری کردن لە خوێندن بە زمانی کوردی و سووتاندنی ژینگەی کوردستان و دزین و بە تاڵان بردنی کانگا ژێر زەوییەکان و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم نیشتیمانە دژایەتی خۆی هەم بە ڕووی خودای گەورە و هەم دانیشتووانی ئەم جوگڕافیەی زاکرۆس نشینەکان نیشان داوە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی خۆی لە خاتون زارا محەممەدی سزای پێنج ساڵ زیندان بە سەر ئەو بەڕێزەدا ئیدانە دەکات و لە ڕۆژی زمانی دایکیدا داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی زمانی دایکیی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات پشتگیری لە زارا محەممەدی و هەموو ئەو کەسانە بکەن کە لەم بوارەدا چالاکن.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی