کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، پەیامێکی بڵاو کردەوە

13:21 - 21 پووشپەڕ 2720

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣١ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٣١ ساڵ بەر لە ئێستا ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی نەمسا، لەلایەن بەناو دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناجوانمێرانە هاوڕا لەگەڵ چەند هاوڕێی تێکۆشەر تێرۆر کران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی گەلەکەمان بوون.

"قاسملوو" ڕووناکبیرێکی نەتەوەیی و بیرمەند و شۆڕشگێرێکی پڕاگماتیست، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕس و خەباتی نەتەوەییمان، سەرەڕای ناسیۆناڵیزمە مۆدێڕنەکەی کە لە ناوچە و جیهاندا بێوێنە بوو، لەسەر بەرابەری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە و ژیرانەی هەبوو.

"قاسملوو" بوێرانە توانی لە سوسیالیزمی مەوجوود کە ئەوکات لە ڕۆژەڤدا بوو دەرباز بێت و زۆر ژیرانە مۆدێلێکی دیکەی بۆ حیزب و کۆمەڵگای کوردستان داهێنا کە لەگەڵ ژینگە و کولتووری کۆمەڵگای کوردستان یەک بگرێتەوە و سوسیالیزمی دێموکراتیی کردە دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

دوژمنانی نەتەوەمان ئاگاداری ئەو ڕاستییە بوون کە تواناکانی ڕێبەری شەهید زۆر مەترسیدارن لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی، بۆیە بە پیلانێکی ترسنۆکانە قاسملوویان لەسەر مێزی گفتوگۆکان تێرۆر کرد، تێرۆری قاسملوو خەسارێکی مەزن بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵام قوتابییانی مەکتەبی قاسملوو لە ڕێبازی شەهیدانی ڕێبەر شێلگیرانەتر لە جاران هەنگاو دەنێن  و پیلانی دوژمنانی نگریس پووچەڵ دەکەنەوە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران لە ٣١ ساڵەی تێرۆری ئەستێرەی پڕشنگداری کورد دوکتور "قاسملوو"ی ڕێبەر جارێکی دیکە هاوخەمیی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات نوێ دەکاتەوە بەڵێن دەدات پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلەکەی بکات.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێبەر و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان؛

سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد؛

بڕووخێت کۆشکی جینایەتی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران.