کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی عەرەب لە هەوڵدایە بەرەیەک دژی تاران دروست بکات

11:42 - 8 بەفرانبار 2720

وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردووەتەوە، لەو دانیشتنەدا باس لە ڕێژیمی ئێران کراوە و بڕیاریان داوە بەرەیەک دژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنن.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا کراوە کە دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە کارێک بکرێت.

لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش "ئەحمەد ئەبولغەیز'' سکرتێری یەکیەتیی عەرەب لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئەلئەهرامـ''ـی میسر وتوویەتی، ڕەفتاری ئێران و تورکیە لەسەر ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی دامەزراوە و بەپێی ئەو ئیدئۆلۆژییە ئەم دوو وڵاتە لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی دەستێوەردان دەکەن.

لە دانیشتنەکانی یەکیەتیی عەرەبدا بەردەوام داوا لە ئێران کراوە کە لە وڵاتانی عەرەب بچێتە دەرەوە و کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی و پاڵپشتیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان بهێنێت و ڕێز لە وڵاتانی دراوسێ بگرێت.