کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوان لە ڕێوڕەسمێکدا پەیمانی وەفاداریی لەگەڵ شەهیدانی گەلەکەمان نوێ کردەوە

11:46 - 14 جۆزەردان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی یەکیەتیی لاوان ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانیەتیی شەهید "هادی شێخه و ئەیووب سوڵتانی" و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا ڕێز لە قارەمانیەتی و خەبات و تێکۆشانی شەهید "هادی شێخە" (ئەندامی ئەسڵیی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان) و شەهید "ئەیووب سوڵتانی" ئەندامی چالاكی ئەو ڕێکخراوە گیرا.

 ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردان شەهیدان "هادی شێخه" و "ئەیووب سوڵتانی" لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک ئاوایی لکبن کەوتنە بەر هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێكەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

پاشان بەڕێوەبەریی لاوان بە پێشکەشکردنی تاجە گوڵینەیەک بە پێشانگای شەهیدان پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ سەرجەم شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی نوێی گەلەکەمان نوێ کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "پژمان شەریعەتی" سکرتێری یەکیەتیی لاوان ژیاننامە و کار و چالاکییەکانی شەهید "هادی شێخە" و شەهید "ئەیووب سوڵتانیـ"ـی هێنایە بەرباس و تیشکی خستەسەر ئەوەیکە لاوانی کورد بە درێژایی مێژوو نەهامەتیی زۆریان هاتووەتە ڕێگا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شێلگیرانەتر بەردەوام بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی گەلەکەیان، هەروەها ئاماژەی بە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادی کرد کە لە مێژووی خەباتی کورددا لاوانی وڵات نەسڵ لە دوای نەسڵ لە خەبات بۆ ئازادی بەشدار بوونە و بە هەزاران لاوی کوردستان لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت کردووە.

لە کۆتاییدا ئەندامان و بەشداربووان لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان پەیمانیان نوێ کردەوە کە تا گەیشتن بە ڕزگایی نەتەوەکەمان ڕێگایان درێژە پێ دەدەن و ناهێڵن خوێنی بە ناحەق ڕژاویان بەفیڕۆ بچێت.

ڕۆحی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان شاد بێت و سەنگەری خەباتیان ئاوەدان.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی ھەتاوی