کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوان و کۆمیتەی حیزب لە شاری سلێمانی، سێمینارێکیان بەڕێوە برد

13:19 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان و ڕێکخستنی حیزب لە شاری سلێمانی، سێمینارێکیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان و ئەرکی لاوان و ڕێکخستنەکانی حیزب لە قۆناغی ئێستای خەباتدا، بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە کە ڕۆژی هەینی، ٦ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

سێمینارەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو:

لە بەشی یەکەمدا: "دارا ناتق"، بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب لە هەرێمی کوردستان، باسێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە سیاسەتەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران کە هەنگاو بە هەنگاو کردەیی دەکرێن باسی لەوە کرد، کە ئاڵقەی گەمارۆوەکانی ئابووری لەسەر ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگتر دەبنەوە و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتووتە ئاستی سفر و سپای پاسداران وەک هێزی فەرمی ئەو وڵاتە بە تێرۆریست دەناسرێت.

ناتق هەروەها وتیشی: ئێران لە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی گرینگ و مێژووییدایە. ئەستەمە ڕێژیم بتوانێت لە ژێر باری ئەم هەموو قەیرانە پشتڕاست بکاتەوە و توانای ‌چارەسەریی كێشەکانی نەماوە و سەرەتای ڕووخانی نیزام دەستی پێ کردووە. پێویستە بە گوڕ و تینتر لە جاران لە گۆڕەپانی خەباتدا تێ بکۆشین و هەوڵ بدەین ببین بە هێزی شوێندانەر.

لە بەشی دووهەمدا: "عومەر فەخرەدین فەر" سکرتێری یەکیەتیی لاوان، ئاوڕێکی کورتی لەسەر دۆخی لاوان لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دایەوە و باسی لەوە کرد، کە تێکنۆلۆژی و ئامێرەکانی گواستنەوەی خێرای زانیاری بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری گشتیی لاوان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن باوەڕمەندی کەسیی بەپێی لێکدانەوەکانی بیری ئازادی و دەرەنجامەکەشی بووە هۆی ڕووخانی زۆربەی دیکتاتۆرەکان بەدەستی هێزی بەهێزی لاو.

هەرەوەها سەبارەت بە خەباتی سێنفی _سیاسی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی خەباتی شار وەکوو ڕەهەندێک لە قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات کرد و وتی: ئەم شێوازە لە خەبات هاوشان لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی خەبات پێویست و گرینگە.

لە کۆتاییدا، بەشداربووان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە نێوەرۆکی باسەکانی ئەو سێمینارە هینایە بەرباس و لە لایەن هاوڕێیان "دارا ناتق" و "عۆمەر فەخرەدین فەر"ەوە، وڵامیان درایەوە.