کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوان پەیامێکی بڵاو کردەوە

17:05 - 22 گەلاوێژ 2720

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٢ی ئاگۆست، ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوان پەیامێکیان بڵاو کردوە و پێداگریان لەسەر بەشداریکردنی لاوان لە ڕیزەکانی شۆڕش و جوڵانەوەی نەتەوەیی و لە ئاستی بەرزدا کردەووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنە:

کوردستانییانی ئازیز!

لاوانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەخوازی نیشتمان!

لاوان وەک توێژێکی زیندوو و خاوەن ئیرادەی کۆمەڵگە، بەردەوام و بەدرێژایی مێژوو هێز و داینەمۆی ئاڵوگۆڕەکان بوون، هەر بۆیە لە وڵاتان و کۆمەڵگە پێشکەوتوو و ئازادەکاندا بە گرینگییەوە چاو لەم توێژە کراوە و دەکرێت و لەپێناو تەیارکردنی لاوان بە پەروەردەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە هەوڵدەدرێت.

ساڵانە لە ڕۆژی ١٢ی ئاگوست کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوان دیاری کراوە، چالاکیی جۆراوجۆر لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە مەبەستی تیشک خستنەسەر پرسە پەیوەندیدارەکانی لاوان لە وڵات و کۆمەڵگە جیاوازەکان و هاوکات پرسی لاوان لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوە دەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی کۆنفڕانسێکی جیهانی کە لە ڕێکەوتی ٨ بۆ ١٢ی ئاگوستی ١٩٩٩ی زایینی لە "لیسبۆن"ی پێتەختی وڵاتی پۆرتوگال بەڕێوە چوو، ڕۆژی ١٢ی ئاگوستی وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوان دیاری کرد هەتا لەم ڕێگەوە دەرفەت و هەلێک لە ئاستی جیهانیدا بۆ حکوومەت و دەوڵەتەکان بڕەخسێنێت کە پرسی لاوان لە کۆمەڵگەکانیاندا بهێننە ڕۆژەڤ و لە هەوڵی بەردەوامدا بن تا وەکوو ئەم توێژە زیندوو و خاوەن پۆتانسیێلەی کۆمەڵگە لە ماف و داخوازییەکانی بەهرەمەند بێت و بە ڕەخساندنی هەلی لەبار و گونجاو بۆ بەشدارییان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی کۆمەڵگاکانیان ڕێگە بۆ نوێکردنەوەی ئەم بوارانە و هاتنی بیر و ئایدیا نوێخوازەکان بکەنەوە.

هەرساڵ نەتەوەیەکگرتووەکان وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوان دروشمێکی تایبەت بەم ڕۆژە بڵاو دەکاتەوە کە ئەم دروشمانە بەشێکن لە بەرنامەی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمساڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دروشمی "بەشداری لاوان لەپێناو کردە یان چالاکییە جیهانییەکان"ی وەک دروشمی تایبەتی خۆی بۆ ڕۆژی ١٢ی ئاگوست دیاری کردووە.

ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنی ئەم دروشمە ڕەخساندنی بوار و دەرفەتی زیاترە بۆ بەشداریی لاوان لە ئاستە جیاوازەکانی نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانیدا تا لەم ڕێگەیەوە لاوان وەکو توێژێکی نوێخواز و ئاڵوگۆڕخوازی کۆمەڵگەکانیان بتوانن لە ئاستی بابەتە پەیوەندیدارە جیهانییەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت.

ڕووداو و پێشهاتە جیهانییەکان لە وێنەی گەرمبوونی زەوی، پەتای جیهانیی کۆرۆنا، پرسی سووریە و میانمار دەخوازێت کە کاردانەوەکان لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیی بۆ کاردانەوەیەکی جیهانیی و گشتگیر بگوازرێتەوە بۆیە بەشداریی لاوان لە کاردانەوە و چالاکییە نێونەتەوەییانەدا زامنی کاریگەرتربوونی ئەم کردەوانەیە.

ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی بزاڤی شوناسخوازیی نەتەوەکەمان دامەزراوین و بە ئامانجی بەرینترکردنی خەبات و جوڵانەوەی ئازادیخوازی نەتەوەکەمان بۆ حەفتا و پێنج ساڵە تێدەکۆشین و هاوکات هەوڵمانداوە پرسی لاوانی وڵاتەکەمان بە گوێی لاوانی جیهانیش بگەیێنین تا لەم ڕێگەیەوە بە کردەوە هەنگاومان بەرەو زیاتر بە نێونەتەوەیکردنی پرسی نەتەوەکەمان هەڵهێنابێت.

ئێستاش کە لاوانی جیهان لە وڵات و کۆمەڵگە ئازاد و دێموکراتیکەکانیان پێداگری لەسەر بەشداریی زیاتری لاوان لە بوارە جیاوازەکانی یاسا و سیاسەت دانان و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگە و وڵاتەکانیان دەکەن ئێمەش وەکو ڕێکخراوێکی سیاسیی تایبەت بە توێژی لاو کە بەردەوام بەشێکی دیار و بەرچاوی بزاڤی شوناسخوازیی نەتەوەکەمان بووین پێداگری لەسەر بەشداریکردنی لاوانی وڵاتەکەمان لە ڕیزەکانی شۆڕش و جوڵانەوەی نەتەوەیی و لە ئاستی بەرزدا دەکەین.

یەکیەتیی لاوان لە هەوڵی بەردەوامی خۆی بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی لاوانێکی وشیار و شۆڕشگێڕ لە ڕاستای کاریگەرتربوون لە شۆڕش و جوڵانەوەدا بەردەوام دەبێت هەتا وەکوو ڕێگە بۆ بەشداری توێژێکی زیندوو و خاوەن ئیرادە بکاتەوە و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگەکەمان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە ئایدیا و بیری نوێخوازەوە بڕەخسێنێت.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ١٢ی ئاگوست

سەرکەوێ خەباتی لاوانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەخواز

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران