کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینی و ئەنجومەنەکانی مەریوان، لە مەڕ لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس هۆشدارییان دا

12:24 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان، هەروەها ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان، لە مەڕ لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس ڕاگەیەندراویان بڵاو کردەوە.

یەکیەتیی مامۆستایانی ئاینیی مەریوان و هەورامان و هەروەها ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار لەمەڕ لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس کۆمەڵە ڕاگەیەندراوی جیاجیایان بڵاو کردەوە.

ئەوان لە ڕاگەیەندراوەکاندا بە ئاوڕدانەوە لە بڕینەوە و لەنێوبردنی خێرای دارەکانی مەریوان و زاگرۆس باسیان لەوە کردووە، که هەندێ کەس بۆ قازانجی گیرفانی خۆیان کەوتوونەتە گیانی ئەم سەرمایە نەتەوەیییە و خەریکی بڕینەوەی دارە بەتەمەنەکانن.

ئەوان ئەم کارەیان مەحکووم کردووە و وتوویانە: پێویستە به هەر شێوازێک کە دەکرێ پێش بەم کارە و کەسانەی بگیردرێت، کە ئەم کارە دەکەن.

ئەوان وەکوو ناوەندی مەدەنی، داوایان لە بەرپرسان، ڕێکخراوەکان و ناوەندەکان کردووە، کە لە پاراستنی ئەم سەرمایەدا کەمتەرخەم نەبن و لێبڕاوانە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە گیانی دارستانەکان، هەڵسوکەوت بکەن.

ئەنجومەنی ڕۆجیاریش لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا، که به زاراوەی هەورامی نووسراوە، سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەم کارە، داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کردووە کە پێش بەم کارە بگرن، ئەوان هۆشداریان داوە و ڕایانگەیاندووە، که تا ماوەیەک بێدەنگی هەڵبژێرن و لە ئەگەری درێژەکێشان و بێدەنگیی بەرپرساندا، ئەوان لە ڕاگەیەندراوی دواییاندا ڕێوشوێنی کارا دەگرنە بەر.

بڕینەوە و هەروەها سازکردنی خەڵووز لە دارستانەکانی زاگرۆس ماوەیەکە پەرەی سەندووە؛ کەسانێکی سەر بە ڕیژیمی ئێران بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەم سامانە نەتەوەیییە بە دانی پارە به هەندێ کەسی نائاگا و بەرژەوەندیخواز خەریکی قاچاخکردنی دارەکانی ئەم دارستانەن و سكاڵا و ناڕەزایەتییەکانی چالاکانی مەدەنیش تاکوو ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.