کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان" پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

12:15 - 18 گەلاوێژ 2720

یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٧٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا و بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبەوە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەیان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

برای بەڕێزمان كاک "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوێكی برایانەى گەرم ...

بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكیەتیی نەتەوەیی دێموكراتی كوردستان (YNDK)، بەبۆنەی "یووبیلى ئەڵماسیـ"ـی حەفتاوپێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى حيزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و ئومێد دەكەین یووبیلى ئەڵماسیی حيزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.

بەڕێزان؛ یووبیلى ئەڵماسىی حيزبتان لە كاتێكدایە كەوا كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى كوردستان لە ڕەوشێكی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێک‌ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانکاریى مەزن دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە ڕەچاوى بەرژەوەندیی باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكیەتی و یەكدەنگیی كوردان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لە هەمان کاتدا كاركردنمان بە ئاراستەى یەکیەتىی نەتەوەیى بەرەو سەرکەوتن و سەرفیرازیمان دەبات، بە باوەڕی ئێمە لەم پێناوەشدا پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكیی یەكڕێزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.

 لە كۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و سڵاو لە خەبات و بەرخودانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و جەخت دەكەینەوە لەسەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندیی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە ڕەواكانمان. لەگەڵ سڵاو و ڕێزى دووبارەماندا .

هەر بژین و سەركەوتوو بن بۆ كورد و كوردستان.

براتان

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتی

یەکێتى نەتەوەیى دێموکراتى کوردستان YNDK       

٧ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی