کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکات کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بهێنێت

11:35 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکدا، داوا لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکات، کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بهێنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۳ی ڕشەمە، پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێراندا، داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە، کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەدا بهێنێت و بەندکراوانی بواری چالاکیی ژینگەپارێزی و چالاکیی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسەکان ئازاد بکات.

ئەندامانی پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا، لە بەشێکی ئەو بڕیارنامەیەدا ڕایگەیاندووە، بە توندیی سەرکوتکردنی مافی ئازادیی بەیان و ناڕەزایەتییە ئاشتییانەکان لە ئێراندا ئیدانە دەکەین و لە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیارین کە بەپێی پەیماننامە نێونەتەوەیییەکان، مافە مەدەنی و سیاسییەکان جێبەجێ بکات.

هەروەها پارلەمانتارانی پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا، داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە گوشارە دیپلۆماتیکەکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بخنە گڕ، تاکوو ئەو ڕێژیمە کۆتایی بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بهێنێت.

لە بەشێکی تری بڕیارنامەکەدا، داوا لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کراوە، کە سەرجەم بەندکراوانی بواری چالاکیی مافەکانی مرۆڤ، چالاکیی ژینگەپارێزی، ڕۆژنامەنووسەکان و بەنداکراوانی ئایینی کە بە بۆنەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان گیراون، ئازاد بکرێن.

هەورەها لە بەشی کۆتاییدا، داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە، واز لە سانسۆرکردنی ئینترنێت و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتەدا بهێنێت.