کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ڕابگەینێت

11:41 - 18 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بە نوێنەرایەتی ئەم یەکیەتییەوە لە بەیانییەیەکدا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە هەتا ژمارەی وردی کوژراوان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران لە دژی ڕیژیم، ڕابگەیەنێت.

لە بەیانییەی ''ژوزێف بورل'' بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی سەرماوەز، بڵاوبووتەوە هاتووە: '' لە حەوتووەکانی ڕابردوودا زۆرینەی خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا لە مافی بنەڕەتی خۆیان بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیدەربڕین کەڵکیان وەرگرتووە، نیشانەکان و بەڵگەکان دەریدەخەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران وڵامێکی ناپەسەندیان بەم خۆپیشاندانانە داوەتەوە کە لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. بۆ یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام لەم یەکیەتییەدا بەکارهێنانی بەربڵاو و نابەجێ لە هێز، دژی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە، شایانی قەبووڵکردن نییە''.

لە درێژەی ئەم بەیانییەدا هاتووە:'' چاوەڕوانیین کە هەموو بکەرانی توندوتیژییەکان وڵامدەر بن و دەسبەسەرکراوان بە زووترین کات ئازاد بکرێن.

لەو بەیانییەدا سەبارەت بە دۆخی ئینتێرنێت لە ئێراندا باس کراوە و هاتووە: ''ڕێژیمی ئێران بە پچڕاندنی ئینتێرنیت، لە پەیوندیگرتن و دەستپێراگەیشتن بە زانیاری ڕێگری کرد کە ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی ڕادەربڕینە''.

هەروەها لەم بەیانییەدا هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دراوە کە مافی بنەڕەتی وەکوو ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کۆبوونەوە هەمیشە دەبێت ڕەچاو بکرێت، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەبێت بەڵێنییە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت پەیمانی نێونەتەوەییی مافی مەدەنی و سیاسی جێبەجێ بکەن.

لە خۆپیشاندانەکانی گەڵانی ئێراندا سەدان کەس لە ناڕازییان کوژراون، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەهەوڵدان ئەو جینایەتە دڕندانەی خۆیان بشارنەوە و هەتا ئێستا ڕێژەی کوژراوان، برینداربووان و دەسبەسەرکراوانیان ڕانەگەیاندووە.