کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا فڕینی فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی ئێراندا ڕاگرت

12:17 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراین لەلایەن سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە، ئاژانسی ئیمەنیی فڕینی یەکیەتیی ئورووپا، فڕینی فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی ئێرانی هەتا کاتێکی دیاریکراو ڕاگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕویتێرز، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، ئاژانسی ئیمەنیی فڕینی یەکیەتیی ئورووپا، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، فڕینی فڕۆکەکانی سەرجەم شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئورووپای بەسەر ئاسمانی ئێرانی قەدەغە ڕاگەیاند.

ئەم ڕاگەیەندراوە دوای ئەوە ڕاگەیەندرا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بەوەدا نا کە فڕۆکە موسافیربەرییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک پێکراوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای ٣ ڕۆژ حاشا کردن لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراین، لە ڕووی ناچاری و گوشاری نێونەتەوەییەوە ڕایگەیاند کە ئەم فڕۆکەیە لەلایەن پەدافەندی هەوایی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە مووشک پێکراوە و بەم هۆیەوە ١٨٠ کەس بوونەتە قوربانی.

دوای دانپێدانانی ڕێژیمی ئێران بە کردنە ئامانجی ئەم فڕۆکەیە، زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی فڕینی فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە ڕاگرت.