کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا هەر جۆرە "ئۆلتیماتۆمـ"ـێکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەت کردەوە

13:29 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا هەر جۆرە دەرفەتێکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی بەرجام ڕەت کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، یەکیەتیی ئورووپا بە دەرکردنی بەیانییەک هەر جۆرە دەرفەتێکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی ڕەت کردەوە.

یەکیەتیی ئورووپا، لە وڵامی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژەی ڕێژیمی ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنیی بانکی و نەوتیی ئورووپا و هەروەها ڕاوەستانی هەندێک بەڵێنیی بەرجام، ڕایگەیاند کە هیچ "ئۆلتیماتۆمێک" لە لایەن تارانەوە قەبووڵ ناکات.

لە بەیانییەی هاوبەشی "فێدریکا موگرینی"، نوێنەری تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا و وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، هاتووە کە: "ئێمە بە نیگەرانییەوە بەیانییەی ئێران لە بارەی بەڵێنییەکانی لە بەرجامدا لە بەرچاو دەگرین. ئێمە بەتەواوەتی لەسەر پاراستن و جێبەجێکردنی بەرجام پێبەندین. بەرجام، ڕێککەوتنێکە کە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی هەمووماندایە".