کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆوەکانی بۆ سەر پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا درێژە دەکاتەوە

12:32 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، لە درێژەدانی گەمارۆوەکان بۆ سەر هێندێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕێک کەوتوون.

 ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، نوێنەرانی وڵاتانی ئورووپایی لە دانیشتنێکدا، لە شاری بروکسێل بۆ درێژەی گەمارۆوەکان ڕێک کەوتوون.

ئەو گەمارۆیانە، بلۆککردنی دارایی ٨٢ کەسن کە ژمارەیەک لە دادوەرەکانی دادگای ئینقلاب، ئەندامانی سپای پاسداران، هێزەکانی پۆلیس و ناوندێکی سایبێری لە خۆ دەگرن.

یەکیەتیی ئورووپا لە نێو گەمارۆوەکاندا، فرۆشتنی کەرەستەگەلێکی قەدەغە کردووە، کە بۆ سەرکوتی خەڵک یا بەدواداچوونی پەیوندییە موخابەراتییەکان بەکار دەهێنرێن.

محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران، حەسەنی فیروزئابادی، سەرۆکی پێشووی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی سەعیدی، نوێنەری پێشووی وەلی فەقیهـ لە سپای پاسداران، حوسێنی تائێب، سەرۆکی ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، مەحەممەدڕەزا نەقدی، فەرماندەی پێشووی بەسیج، ئیسماعیل ئەحمەدی‌موقەدەم، فەرماندەی پێشووی هێزی ئینتزامی، سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەری، غوڵامحوسێن موحسێنی‌ئیژەیی، جێگری یەکەمی سەرۆکی دزگای دادوەری، سەعیدی مورتەزەوی، دادستانی پێشوەی تاران و چەندین دادوەری دادگاکانی ئیقلابی ڕێژیمی ئێران، لە نێو لیستی گەمارۆوەکانی یەکیەتیی ئورووپادان.

بڕیارە ئەو گەمارۆیانە بە شێوەی فەرمی لە دانیشتنی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا لە حەوتووەکانی داهاتوودا پەسەند بکرێت.

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆوەکانی بۆ سەر پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، بۆ ماوەی یەکساڵ درێژە پێدابوو.

ئازادیی ڕادەربڕین، گرتنی كۆڕ و كۆبوونەوە، ئەشكەنجە و هەڵسوكەوتی نەشیاو، سەپاندنی سزای نادادپەروەرانە، پێشێلكاریی دژی گەلانی ئێران، مافی ژنان، مافی پاراستنی چوارچێوەی ژیانی تاكەكەسی، مافی خوێندن و ئێعدام لە ئێراندا، بەردەوام لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێل کراون.