کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستە سەر چوار وەزیری ڕێژیمی سووریە

11:37 - 25 خەزەڵوەر 2721

یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی مەدەنیی سووریە لەلایەن ڕێژیمی "بەشار ئەسەد"ەوە، گەمارۆی خستە سەر چوار وەزیری ئەو ڕێژیمە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستە سەر وەزیرانی بازرگانی، گەیاندنی زانیاری، کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری ڕیژیمی سووریە و ئەو گەمارۆوانە بریتین لە داخستنی سامانەکانیان و قەدەغەکردنی سەفەرکردنیان بۆ خاکی ئورووپا.

بەو گەمارۆوە نوێیانەوە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە ئەندامانی ڕێژیمی سووریەن و خراونەتە پێڕستی گەمارۆکانی ئورووپاوە، گەیشتە ٢٨٧ کەس.

هەتا ئێستا ٧٠ ناوەند و دامەزراوە لەوانە ڕێکخراوەکان، بانکەکان و شیرکەتەکان بەهۆی پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕێژیمی سووریە، خراونەتە پێڕستی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

لە ساڵی ٢٠١١ـەوە یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆکانی خۆی بە دژی ئەو ڕێژیمە دەست پێ کردووە. هەروەها ئەو ڕێوشوێنانە، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و بەرتەسکردنەوەی وەربەرهێنانی سەرمایە، داخستنی سامانەکانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی سووریە لە یەکیەتیی ئورووپا و دروستکردنی بەربەست بۆ هەناردەکردنی چەکوچۆڵ و تێکنۆلۆژییەکان، لەخۆ دەگرێت.