کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا، ئۆڵتیماتۆمی ئێران بێنرخ دەکات

12:25 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا مۆڵەتی دیاریکراوی ئێران بۆ ئورووپا بێنرخ دەکات و وتوویەتی تا ئێران بەشێوەی فەرمی چوونەدەرەوەی خۆی لە بەرجام ڕانەگەیەنێت، ئێمە پێبەند دەبین.

یەکیەتیی ئورووپا لە دانیشتنێکی یەک ڕۆژەدا، کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، لە "لوگزامبۆرگ" بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند کە یەکیەتیی ئورووپا کاتێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام ڕا دەردەبڕێت کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، پێبەندنەبوونی ئێران بەو ڕێککەوتننامەیە پشتڕاست بکاتەوە.

"فێدێریکا موگرینی"، هاوئاهەنگکەری سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، پاش تەواوبوونی دانیشتنەکەی لوگزامبۆرگ بە هەواڵنێرەکانی ڕاگەیاندبوو کە یەکیەتیی ئورووپا بەپێی هەڕەشە و ئۆڵتیماتۆمەکانی ئێران بڕیار نادات و چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دیکەی ئێران و ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، سەبارەت بە بەرجام دەبێت.

"موگرینی" هەروەها ڕایگەیاندووە: "تا ئەو کاتەی کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، دەرچوونی ئێران لە بەرجام پشتڕاست بکاتەوە، ئێمە پێبەندی بەرجام دەبین و هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی دەدەین."

ڕێکەوتی لێکۆڵینەوەکانی داهاتووی ئاژانس لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، مانگی "ئاگۆست" ڕاگەیەندراوە، بەڵام کارناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر ئێران هەنگاوگەلێکی جیددی بۆ چوونە دەرەوە لە بەرجام هەڵگرێت، ڕێکەوتی لێکۆڵینەوەکان وەپێش دەکەوێت.