ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ یادی ٣٣ـەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانیی ڕێژیمی ئێران، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
تێرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەری زانا و بلیمەتی نەتەوەی کورد لەسەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بیرتەسک و دواکەتوویی ئاخوندیی باوەڕی بە مافە نەتەوایەتییەکانیی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نییە. هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران، ئێستاش داخوازییە ڕەواکان و ناڕەزایەتی و جوڵەی بزووتنەوە مافویستەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی مامۆستایان بە دەرکردن و هەڕەشەکردن و گرتن و زیندان، وڵام دەداتەوە.
ئێستا دەیان مامۆستای کورد و مامۆستای نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە تاوانی مافویستی زیندانی کراون و ئەشکەنجە دەدرێن.
لە ٣٣ـەمین ساڵڤەگەڕی مامۆستای زانکۆ و ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور "قاسملوو" لەگەڵ ڕێبازە ڕەوا و پیرۆزەکەی هەتا سەرکەوتن بەڵێن و پەیمان نوێ دەکەینەوە.
سڵاو لە خۆڕاگریی مامۆستایانی کورد لە زیندانەکانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا
سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد
نەمری بۆ قاسملووی شەهید
٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی