کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەیامێکیان بڵاو کردەوە

12:10 - 4 گەلاوێژ 2721

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی خووزستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕێژیمێکی ناوەندگەرایە، هەموو داهاتەکانی وڵاتی بۆ بەشی نیزامی و بۆ ناوچە فارسنشینەکان دەگوازێتەوه و ئەم ناوچانەشی بە ئەنقەست تووشی قەیرانی ئاو لە ڕێگای گواستنەوەی ئاوی ئەم بەشانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکه، سازکردنی ناکارناسانەی بەنداو و... کردووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ماوەی ۱۱ ڕۆژە لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خووزستان ناڕەزایەتییەکی بەرین لە هەمبەر سیاسەتەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە سەریان هەڵداوه و بەربەرە شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە.

هەر وەک ڕوون و ئاشکرایە بەشی زۆری داهاتی دەسەڵات لەم ناوچەیە کە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی نەوت و گازی لێ بەرهەم دێت دابین دەکرێ؛ لە هەموو دونیادا ئەو شوێنانەی داهاتی زۆرە، وەکوو شوێنێکی ستراتێژیک چاوی لێ دەکرێ و سەرمایەدانانی لەسەر دەکەن و دوای ماوەیەکی کورت ناوچەکە گەشە بەخۆیەوە دەبینێ، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە ئەم ناوچەیەشی وەکوو کوردستان و سیستان و بەلووچستان پەراوێز خستووە و هەموو جۆرە هەوڵێکی داوە ئەم شوێنانە گەشە نەکەن و لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان بێبەش بن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕێژیمێکی ناوەندگەرایە، هەموو داهاتەکانی وڵاتی بۆ بەشی نیزامی و بۆ ناوچە فارس‌نشینەکان دەگوازێتەوه و ئەم ناوچانەشی بە ئەنقەست تووشی قەیرانی ئاو لە ڕێگای گواستنەوەی ئاوی ئەم بەشانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکه، سازکردنی ناکارناسانەی بەنداو و... کردووە.

خەڵکی خووزستان کە ئێستا لەگەڵ قەیرانی ئاو و بەرق و تەپ و تۆز و بێکاری و لەناوچوونی زەوینی وەرزێڕی و زۆر کێشەی دیکە بەرەوڕوویە، چەندین ڕۆژە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەربڕیوە و ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک هەمیشە بە کوشتن و گرتن و تۆقاندن و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو چەشنە کەرەستەیەک لە هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو نارەزایەتییە ڕەوایەدایە.

ڕێژیم بە تەواوی بۆی دەرکەوتووە کە دروشمەکانی ناڕەڕایەتیی ئەو چەند ساڵەی داویی هەر دێت و توندتر و ڕادیکاڵتر دەبێتەوه و مانەوەی خۆی لە سەرکوت و تۆقاندنی خەڵکدا دەبینێتەوه. 

نەتەوەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئێران کە ئەوانیش بە هەمان شێوە وڵاتەکەیان لێ داگیر کراوە و ڕێژیم تەنیا کاولکاریی بۆ بە دیاری هێناون، پێویستە تێکەڵ بەو ناڕەزایەتییانه بن و لە هەوڵی گشتگیرکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا بن و نەهێڵن ڕێژێم هێزی خۆی بۆ سەرکوتی زیاتر لە شوێنێک کۆ بکاتە.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان پشتیوانیی خۆمان لە مافی ڕەوای خەڵکی خووزستان دەردەبڕین و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین پشتیوان و دەنگی خەڵکی خووزستان بن و ئیزن نەدەن ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جینایەتی زیاتر بخوڵقێنێ.

بڕوخێ ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران

ڕێکەوتی ۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۰ی هەتاوی