یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ٧٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
گیانی شاعیرت دەکەم بە قوربان
وا هاتـــــــووی ئەوساڵ مانگی ڕێبەندان
دەک بەخێرهاتی قەدەمت پیرۆز
بە قوربانت بێ جێژنەکەی نەورۆز
ڕۆژی تۆ جێژنی گەورەی کـــوردانه
ناوت دەرمانی ژان ودەردانه
ئەوساڵ بەهاره بۆ ئێمه زستان
بمرێ دوژمنی کورد و کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
مامۆستایان، قوتابییان، خوێندکاران!
٢ى ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمار و ژیانەوەی گەلی کورد، له بەستێنی بەستەڵەکی زستانی ڕەش و تاڵی سەدەی کوردان، سەری وەک گوڵەگەزیزەی بەهاری و هەناسەی ژین و حەماسەی بوێریی ژنان و پیاوان و گەنجان و مێرخاسانی گەلی کورد، لە پاش قارەمانەتیی "دیاکۆ، میران، بابان و خاسان" سەری بە پشکۆی بەرزی شارستانی و مەدەنییەت پیناسه کردووه و ئاسۆ گزینگی دووباره و چەندبارەی خستنه هەناسەی ئاڵا و پێشمەرگه و هەموو چەمکەکانی گەلی کورد و کوردستان له جیهاندا.
ئەوڕۆ ئەزموونەكانى خەباتى گەلی کورد له كوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش ئەو هەمووە هەوراز و نشێوه، ئەزموون و وانەكانى كۆمارى كوردستانی كردووەته ڕەمز و هێزى شوێندانەر بۆ پشتیوانیی ڕاسانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و شاخ.
یەکیەتیی پیشەیی ماموستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی و چاندنی نەمامی زانست و تێکۆشان له ڕێگای وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد، له سەنگەرى قوتابخانەکانی کوردستاندا خەباتی ڕاسانی خۆی بەردەوام و شێلگیرتر له جاران بەرەو لووتکەی سەرکەوتن دەباته پێش.
وەفادارین به فەرموودهی پێشەوامان كه به پێوه دەمرین، بەڵام هیچکات لەسەر ئەژنۆ ناژین .
سەرکەوتن بۆ هەموو ئازادیخوازان و میراتگەرانی کۆمار، بژی گهلی کورد، بژی ڕاسان.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی