کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە

10:22 - 19 رێبەندان 2721

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی مامۆستا "شەعبان محەممەدی" لە شاری مەریوان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان وێڕای پشتیوانیکردن لە ویست و داخوازییەکانی مامۆستایانی ئێران و کوردستان، هێرشکردن و بێڕێزکردن، گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایان لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات و خوازیاری ئازادیی بێمەرجی مامۆستایانی زیندانییە، بە تایبەت خوازیاری ئازادیی مامۆستا شەعبان محەممەدی، مامۆستای چالاک و بە توانای قوتابخانەکانی مەریوانە.

هەروەها گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایانی پێشڕەو کە ویست و داخوازییەکانیان، پیشەیی و یاسایین بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و بارهێنانی سەردەمە، نیشانەی وڵامدەرنەبوونی دەسەڵات و حاکمییەتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی بە ویست و داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانە.

لە وەها باردۆخێکدا یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، داوا لە مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بۆ ئازادیی مامۆستا شەعبان محەممەدی بە یەکگرتوویی و بە شێوەی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، داوای ئازادیی مامۆستا محەممەدی بکەن.

١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی