کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنان سێمینارێکی لەژێر ناوی "ژن لە کوردستانی داگیرکراودا" بەڕێوە برد

10:27 - 14 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندان، لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورستانی ئێرانەوە سێمینارێک بۆ "سالار کەماڵی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کورستان لە هێزی ١٢٢، لەژێر ناوی "ژن لە کوردستانی داگیرکراودا" پێک هات.

سەرەتای سێمینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر و پاش چەند وتەیەک بۆ کرانەوەی سێمینارەکە لەلایەن بەڕێوەبەریی سێمینارەکەوە داوا لە کۆڕگێڕ کرا وتەکانی پێشکەش بکات.

سالار کەماڵی لە وتەکانیدا باسی لە جیاوازییەکانی نێوان ژن لە کۆمەڵگەی کوردستان و باقیی شوێنەکانی جیهان کرد و وتی: "پێویستە پێناسەیەکی جیاواز و تایبەتمان هەبێت لە ژن لە کوردستاندا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی خەباتێک کە لە کوردستاندا هەبووە و ئێستاش بەردەوامە".

ناوبراوهەروەها وتی: "ژنی کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ هەبوونی دوو کێشە بەرەوڕووە؛ یەکەمیان کێشەی ژنبوون و دووەم کێشە نەتەوایەتییەکانی کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکان کە ژنی کورد لە ژنی نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە".

دواتر باسی لە ڕۆڵی داگیرکەر لە کوردستان کرد و وتی: "داگیرکەری کوردستان لە پاش هاتنەسەرکاری بە ئاوێتەکردنی ڕەهەندێکی ئایینی لە چەشنی ئیسلامی شیعەی ویلایەتی بە پرسی ژنەوە، هەوڵی دا کە ئاراستە و ئاقاری خەباتی ژنان لە کوردستان بگۆڕێت و بەم شێوەیە ڕاستەڕێی خەباتی ژنان بەلاڕێدا ببات".

"کەماڵی" لە بەشێکی تری قسەکانیدا زیادی کرد: "داگیرکەر هەوڵ دەدات پێناسەی لاوازبوون بەسەر ژناندا بسەپێنێت و زۆر جار کەمتر لە مرۆڤێکی ئاسایی باسی لێوە دەکات کە هەر ئەم پرسە و قەبووڵکردنی لەلایەن خودی ژنانەوە وا دەکات کە گرفتەکانی ژنان بەردەوام سەرهەڵبدەنەوە و خۆیان نوێ بکەنەوە".

دوابڕگەی سێمینارەکە بریتی بوو لە پرسیار و تێبینیی بەشداربووان کە لەلایەن "کەماڵیـ"ـیەوە وڵام درانەوە.