کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکرات: "داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بە دەم دەنگی ''زارا محەممەدیـ''ـیەوە بچن"

16:53 - 28 رێبەندان 2720

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا سەپاندنی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەر ''زارا محەممەدیـ''ـیان مەحکووم کرد و داوایان لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کردووە کە بە دەم دەنگی ''زارا محەممەدیـ''ـیەوە بچن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

''دەمگرێ ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستورترم

لێمدەدا ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم

دەمکوژێ ئەمما بە گژ جەلادەکەم دادێمەوە

کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە''

هاونیشتمانییانی ئازیز

هەر وەک ئاگادارن لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕەوتی پێداچوونەی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران بە سەر خاتوو ''زارا محەممەدی''، ئەو مامۆستا خۆبەخشەی زمانی کوردی کە لە ئەنجامدا ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.

ئەم حوکمە دیسان دڕندەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان بۆ دەسەلمێنێت، سەپاندنی حوکمی بەندکران بە سەر مامۆستایان و دڵسۆزانی نیشتمان، دەریدەخات ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرەستە دەیهەوێ به هەموو شێوەیەک دەنگی کۆمەڵگا کپ بکات.

دوژمن پێی وایە  به کپکردنی دەنگی زارا دەتوانێ هزری ئازادیخوازیی میللەتەکەمان لەنێو ببات، بەڵام هەزاران کیژ و لاوی ئەم کوردستانە ئازیزە لە دێرزەمانەوە پارێزەری شوناس و زمانی کوردی بوون و لە داهاتووشدا زاراکان لەدایک دەبن و هەر ئێستاش دەیان زارا لە سەنگەرەکانی بەرگری لە شوناس و ناسنامەی کوردی چالاکی دەکەن.

کوردستانییانی خۆشەویست

ژنانی مافویستی ئازا و دلێر

ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنان، وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی داسەپاو بە سەر خاتوو زارا، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بە دەم دەنگی ''زارا محەممەدیـ''ـیەوە وەرن و هەروەها کە خۆی باسی دەکات، پێویستە هەموو کۆمەڵگا بێنە دەنگ.

داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە مافی مرۆڤییەکان دەکەین دەنگی ناڕەزایەتیی دژ بە حوکمی خاتوو زارا بن و بە تایبەت ئەو کەسانەی لە تاراوگە دەژین و دەستیان بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەگات.

دووپاتی دەکەینەوە پشتیوانی لە خاتوو زارا، چالاکانی کۆمەڵگا، بەندکراوانی مەدەنی و سیاسی ئەرکی نیشتمانیی هەمووانە.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران