کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس بانگهێشتنامەیەکی بڵاو کردەوە

16:27 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانگهێشتنامەیەکەدا لەژێر ناوی "بڵێ نا و لە خەبات بەردەوام بە"، بە بۆنەی ٨ی مارسەوە؛ داوای لە ژنانی کوردستان کردووە کەڵک لە سیمبولەکانی ئاماژەپێکراو وەربگرن و دژی زوڵم و نابەرابەرییەکان دەنگ هەڵبڕن.

دەقی بانگهێشتنامە بەم چەشەنەیە:

هەر کەسێک توانایی ناڕەزایەتی دەربڕینی هەیە...

هەر بۆیە بە دەنگ هەڵبڕینێک...

بە جوڵانەوەیەک...

بڵێ نا و کۆتایی بە زوڵم و نابەرابەریەکان بێنێ و لە بەرانبەر هەموو ئازارەکانی خەبات ڕابوەستە...

هاورێیان و ژنانی ئازادیخواز...

ڕۆژی هەشتی مارس بۆ ئێمە ژنانی کورد، تەنیا ڕۆژی جێژن نیە، بەڵکوو ڕۆژی یەکگرتوویی و خەباتی هاوشانە بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانی ژنی کورد و ناڕەزایەتی دژ بە زوڵم و زۆرداری.
بۆیە هەستە و دەنگی خۆت و هاوڕیکانت بە.

لە حاڵێکدا بەرەوپیری ۸ی مارس دەڕۆین، ژنان لە ئێران و کوردستان لە هەموو ماف و ئازادییە تایبەتەکانی خۆیان بێ بەشن، ژنان لەم جوغرافیایەدا تەنانەت مافی ناڕەزایەتی دەربرین بە نسبەت ئازادیە زەوتکراوەکانیشیان نیە.

دەسەڵاتی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو، وڵاتی ئێرانی کردووەتە بەندیخانەیەک بۆ ژنان و بەپێی مێژووی ئەو وڵاتە لە هیچ سەردەمێكدا بە ڕێژەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی جمهوری ئیسلامیی ئێران، ژنان مافەکانیان پێشێڵ نەکراوە.

ژنانی ئێران و بە تایبەت ژنانی کوردستان لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو، بە توندترین شێوە بەرەوڕووی سووکایەتی، ئەشکەنجە، زووڵم و زۆر بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ژنان هەر جۆرە شێوازێكی خەباتیان تاقی کردووە و ئەو بەرخۆدانانە بەرزی و نزمی زۆری بەخۆیەوە دیتووە.

ژنان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان بوونە و هەمیشە ئەوەی لە توانایاندا هەبووە لەو ڕێگەیە دایانناوە. بەردەوام هەوڵیان داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی و ئازادی و کۆمەڵگایەکی باشتر بۆ ژن.

ژنانی وشیار و خەباتگێر لە بەرامبەر ڕووداوەکانی کۆمەڵگە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن، ژنانی کورد لە ساڵانی ڕابردوو بە ناڕەزایەتییەکانیان بە نسبەت مەرگی فەریناز خوسرەوانی، کووشتنی کۆڵبەران، پشتیوانی لە قوربانیانی بوومەلەرزەی کرماشان و بەرخۆدانی کۆبانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

بۆیە لە ئێستادا دەبێت دەنگی نارەزایەتی بۆ خۆمان بەرزترین دەنگ بێت.

دەبێت بزانین، هەستانەوە دەبێتە هۆی وشیاری، وشیاریش واتە بەردەوام بوون لەو خەباتە ڕەوایە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر، ئەمەش یانی توانایی و زاڵبوون بەسەر ڕاستیەکان.

لە بارودۆخی ئێستا، ژنان دەبێت لە خەبات بەردەوام بن و جێگە و پێگەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادیەکانیان پێناسە بکەن، هەشتی مارسی هەموو ساڵێک باشترین کاتە تا بیسەلمێنین ئەم شەپۆلە بەرخۆدانە هێشتا خوڕەی دێ و تا کۆتایی بە ووڵم بەردەوامە.

هەر بۆیە بە هەموو هێزمانەوە دەتوانین نا بڵێن بە سەرکوت و سووکایەتی بە ژنان.
دەتوانین بە چڕینی گۆرانیەک...
بە ڕستەیەک...
بە سەمایەک...
بە وشەیەک...
نا بڵێن و دژی زوڵم و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیەکان خەبات کەین.

دەنگ هەڵبڕە و دەنگت بخە پاڵ دەنگمان.

لە ڕۆژی ۸ی مارس، بەم رێگایانە بەشدار بە لە خەبات بو ئازادی و یەکسانی

- بەکارهێنانی رووبانی بەنەوش و هێمای ژن و نوسینی دروشم لەسەر کاغەز یان دەست و گرتنی وێنە یان ڤیدیۆ لەو چالاکییە.

- ویدیۆگرتن لە دیمەنێکی شارەکەتان و وتنەوەی دروشمێکی تایبەت بە ۸ی مارس.

- خوێندنەوەی "سرودی یەکسانی" ناسرو دڵنیا رەزازی یان هەر سرودێکی تایبەت بە ژن و ڤیدیۆ گرتن لەو کارە.

- سەردانی شوێنەکانی تایبەت بە ژنان، بۆ نموونە خانەی بەساڵاچووان/ بەشی ژنان یان هەر شوێنێک بۆتان دەگونجێ و گرتنی وێنە یان ڤیدیۆ لەو کارە.

چاندنی نەمام و ناودێر کردنیان بە ناوی ژنانی شەهید یا ژنانی بلیمەتی کوردستان و گرتنی وێنە یان ویدیۆ لەو کارە.

- وتنەوەی دروشم یان بەڵێندان بە ڕێبازی خەباتی ژنان و تۆمارکردنی ویدیو لە هەر شوێنێک کە بۆتان دەکرێ، تەنانەت ناو ماڵەکان.

- ژنان دەتوانن بە هەر شێوازێکی دیکە کە خۆیان خوازیارن و بۆیان دەگۆنجێ دەنگی نارەزایەتی بدەن.

تیبینی: هاورێیان تکایە لەکاتی گرتنی وێنە یا ویدیۆکان، ناوی شارەکەتان بێنن.

دروشمەکانی تایبەت بە ۸ی مارس:
خەباتی ژنان بەردەوامە
ئازادی و یەکسانی بۆ ژن
ئازادی ژن = ئازادی کۆمەڵگا
مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر
مەرگ و نەمان بۆ سەرکوتکەر