کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر سێمینارێکی بەڕێوە برد

16:52 - 10 سەرماوەز 2721

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی تایبەتی بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کەمپەینی ١٦ ڕۆژە، ڕێک خست.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداریی ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی "نەسرین قاسملوو" لە کەمپی جێژنیکان، سێمینارێکی تایبەت بە ٢٥ی نوامبر و کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لە سەرەتای سێمینارەکە "شەهلا کاوە" مێژووی ٢٥ی نوامبری بۆ بەشداربووان باس کرد و ڕایگەیاند: "ئامانج لە تەرخانکردنی ٢٥ی نوامبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕێز لە هەوڵ و بوێریی خوشکانی میرابێل بوو و زیاتر پاڵنانی ڕای گشتی بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی دژ بە ژنان".

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکە، "ژیلا موستەئجێر" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان، باسێکی لەسەر کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و چۆنیەتیی چالاکییەکان لەم ڕۆژانەدا بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.

لە درێژەدا "ژیلا موستەئجێر" لەسەر پێناسەی توندوتیژی و ئەو هەڵسوکەوتانەی کە دەبنە هۆی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵگە وەکوو فەرهەنگ دەپارێزرێت، قسەی کرد و لەنێو قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "دەبێ ئێمەی ژنان توندوتیژییە شاراوەکان بناسین و بە سەرنجدان لێیان ڕێگری لە دوپاتبوونەوەیان بکەین، بەتایبەت کە ئێمە بەرانبەر بە ژیانی خۆمان و نەوەی داهاتوو بەرپرسیارین".

لە کۆتاییدا ئامادەبووان ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە تەوەری کۆبوونەوەکە دەربڕی.