کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر سێمینارێکی بەڕێوە برد

11:13 - 7 سەرماوەز 2721

بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی تایبەت بە ٢٥ی نوامبر بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی تایبەتی بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێک خست.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

"فاتمە عوسمانی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پانێلی یەکەمدا بابەتێکی لەژێر ناوی "توندوتیژیی سیستماتیک و بەیاساییکراو" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا پەرژایە سەر ئەو توندوتیژییەی کە بەهۆی هەبوونی یاسا و دابونەریتەکانەوە بەسەر ژناندا دەسەپێن. "عوسمانی" ئاماژەی بە بڤەبوونی هەندێک بابەتی پێوەندیدار بە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان کرد و وتی: "پێش لە هەموو شتێک دەبێ بەنیسبەت کێشەکانی کۆمەڵگەوە، ڕوانگەمان بگۆڕین، چونکە بەبێ گۆڕینی ڕوانگەکان، هیچ شتێک نابێت بە فەرهەنگ و تا کاتێک کە زانیارییەکانی ئێمە نەتوانن بگەنە ئاستێک کە ببنە وشیاری، ناتوانین چاوەڕوانی گۆڕانی دۆخەکە بین".

لە پانێلی دووەمدا، "سەلام ئیسماعیلپوور" کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بابەتێکی لەژێر ناوی "پێگەی ژن لە ئایینەکاندا" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ناوبراو لەم باسەدا ئاوڕێکی لە پێگەی ژنان لە مێژوودا دایەوە و باسی لە دزەی ئایینەکان لەنێو کۆمەڵدا کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: "چەسپاندنی یاسای بەرابەری سەختە، چونکە نابەرابەری بووەتە مەنفەعەتی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و خودی ژنانیش بەرگریی لێ دەکەن، بۆیە تێگەیاندنی ژنان لەوەی کە ئەو دۆخەی کە تێیدان مافی ئەوان نییە، بەشی هەرەئەستەمی کارەکەیە".

لە کۆتاییدا ئامادەبووان ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە بابەتەکان دەربڕی.