کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامێکی بڵاو کردەوە

13:04 - 2 رێبەندان 2720

ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، یادی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی ئازیز!

ئەمڕۆ ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان کە لەسەر بنەمای دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلە بەشخوراوەکەمان دامەزرا، تێدەپەڕێت. کۆمارێک کە ڕاستە تێرعەمر نەبوو و هەر بە ساوایی و دوای ١١ مانگ ڕووخا و کۆتایی پێ هات، بەڵام هەتاکوو ئێستاش نەوە بە نەوە یادیان بەرز ڕاگرتووە و وەک ئەزموون و دەسکەوتێکی نەتەوەیی لێی دەڕوانن و دەیپارێزن.

 هاوڕێیانی هێژا!

٧٥ ساڵ لەمەوبەر کۆماری کوردستان لە هەلومەرجێکدا دامەزرا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت زۆربەی  ناوچەکانی دیکەی جیهانیش هێشتا دێموکراسییەتیان ئەزموون نەکردبوو. لەو سەردەمەی کە کۆماری کوردستان دامەزرا، ناوچە و تەنانەت کۆمەڵگای کوردستانیش، تەواو کۆمەڵگایەکی سوننەتی و چەقبەستوو و پیاوسالار بوو، و لەڕاستیدا ژنان خۆیان تەنها وەک کابانی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ دەبینییەوە و هیچ شارەزاییان تەنانەت بە مافە سەرەتاییەکانیان نەبووە. هەر ئەوەش وای کرد کە ئەو پرسە لەلای پێشەوا ببێ بە زەروورەت و هەنگاو بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی  تایبەت بە ژنان هەڵێنێت. هەر لەو ڕاستایەدا و بۆ ڕەچەشکێنی، خێزانی خۆی واتە "مینا خانمی قازیـ"ـی وەکوو سکرتێری ڕێکخراو هەڵبژارد. ئەوەش بوو بە سەرەتایەک کە  ژنان لە کۆماری کوردستاندا مافی خوێندن و بەرێوەبەری و گەلێک مافی دیکەیان ببێت.

خۆشەویستان!

بەدڵنیاییەوە ئەگەر  دوژمنان ڕێگەیان دابا و کۆماری کوردستان بەردەوام و بەرقەرار مابایەوە، ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا نەتەنیا مافی دەنگدانیان دەبوو، بگرە مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو پۆستەکانیشیان دەبوو و  هاوکاتیش پەروەردەی سەربازیشیان دەبینی.

دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و لە ناوچەکەدا تووشی دەیان و سەدان قەیران هاتووە. بەتایبەتی دوای زیاترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و سەرهەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا، ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و بۆ شاردنەوەی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی لە ناوچەدا، دەستی کردووە بە ئاژاوەگێڕی و لە نێوخۆی وڵاتیش دەستی کردووە بە ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنی چالاکڤانانی مەدەنی. ئەوەی جێگای سەرنجە بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کچان و ژنانە لە ڕیزی دەسبەسەرکراوەکاندا. بەڵام بەخۆشییەوە ئەوە نەتەنیا نەبووە بە بەربەست بۆ درێژەدان بەو ڕێبازە پیرۆزەی پێشەوا، بگرە ڕۆژ نیە لاوان و کچان پەیوەست نەبن بەو ڕێبازەی کە کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزراوە.

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بەرز و پیرۆز بیت ٢ی ڕێبەندان

 یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ کوردی