کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بەبۆنەی ٨ی مارس بەڕێوە برد

10:47 - 19 رەشەمه 2720

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، سێمینارێکی بۆ ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر کۆڕگێڕی سێمینارەکە کورتەیەکی سەبارەت بە ڕۆژی ٨ی مارس پێشکەش کرد و داوای لە "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و چالاکی بواری ژنان کرد کە بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی ئامادە ببێت.

"فەتحی" بابەتێکی تێر و تەسەلی لەسەر ئەو ڕۆژە بە ناونیشانی"ڕۆڵی ژنی کورد لە خەباتی شار"دا باس کرد، هەروەها تەرکیزی خۆی خستە سەر دەور و ڕۆڵی ژنان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ژنی کورد بە ئامادەبوون و پاڵپشتییان لە خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەیی هەوڵیان داوە خەباتە چینایەتییەکەیان بە خۆسەلماندنیان لەو ڕەهەندەوە بەرەو پێش بەرن.

"ڕووناک فەتحی" ئاماژەی خستە سەر بەربەستەکانی بەردەم ڕێگای ژنان بۆ پێگەیشتن بە ئامانجەکانیان. ناوبراو باسی لەوە کرد کە یەکێک لە کۆسپەکان دەسەڵاتە داگیرکەرەکانن چونکە هەوڵیان داوە کە شۆڕشی کورد تەنیا لەنێو هێزە شۆڕشگێڕەکاندا پێناسە بکەن و لە دەرەوەی سنوورەکان سەرکوتی بکەن.

بەشی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بوو بە ڕا و بۆچوونی بەشداربووانی سێمینارەکە کە لەلایەن "ڕووناک فەتحیـ"ـیەوە بە وردی وڵام درانەوە.