کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی کوردان لە سوێد سمینارێکی لەبارەی خەباتی ژنی کورد رێکخست

21:57 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سمینارێک لە ژێر ناوی \'\'رۆڵی ژنی کورد لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندا\'\' لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ناوەندی یەکیەتیی کوردان بە هاوکاریی یەکیەتیی کوردانی شاری ئێسکلیستوونا سمینارێکی بۆ \'\'تووبا ئەلیاسی\'\' چالاک لە کار و باری ژناندا، لەو شارە پێک هێنا.

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەڕی بەرنامە \'\'مەهاباد مینووزادە\'\' بەخێرهاتنی بەشداربوان کرا و به راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سمینارەکە دەستی پێ کرد.

پاشان \'\'عەلی پاڵانی\'\' بەرپرسی ناوەندی یەکیەتیی کوردان، وتەیەکی لەسەر رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانە پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر بەشداریی گەرمی بەشداربوان دەربڕی، پاشان هێندێک زانیاریی لەسەر ژیان و خەباتی ماندووی نەناسانەی کۆڕگێڕ، \'\'تووبا ئەلیاسی\'\' وەک پێناسەیەکی کورت پێشکەش بە بەشداربوان کرد.

پاشان \'\'تووبا ئەلیاسی\'\' چالاکی سیاسی و شارەزا لە بواری ژناندا بە شێوەیەکی ئاکادیمی و زانستییانە لەسەر مێژووی ژن لە ئاست دونیادا بەگشتی و روژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنانی کورد بە تایبەتی قسەی کرد.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا قامکی خستە سەر هۆکارەکانی نایەکسانی لە کولتوور، ئایین، یاسای بنەڕەتی و نایەکسانیی دەوڵەت وەک ماشینی داپڵۆسێنەر دژ بە مافەکانی ژنان.

بەڕێز خاتوو تووبا، زۆر شارەزایانە بۆ ریشەبڕ کردنی ئەو نایەکسانییەی کە دژ بە ژنان لە دنیا و بەتایبەت لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بە دی دەکرێ، ئاماژەی بە حیزب و رێخراو، کولتوور و ئایین، یاسا و ئیدارە کرد و رێگا چارەکانی خەباتی یەکسانی ژنانی دەست نیشان کرد.

خاتوو تووبا لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، هاتە سەر رۆڵی ژنی کورد لە ئێستا و مێژوودا و بەراورد کردنی خەبات و کۆڵنەدانی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی ناوچەکانی دنیادا و خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنی کوردی بەرز نرخاند.

لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا بەشداربوان بە پرسیار و پێشنیاری بە سوود سمینارەکەیان دەوڵەمەدتر کرد و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.