کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێکی وەرزی نوێی خویندنی ١٤٠٠-١٤٠١ پەیامێکی بڵاو کردەوە

12:35 - 28 خەرمانان 2721

یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی وەرزی نوێی خویندن لە ساڵی  ١٤٠٠ -١٤٠١ بە ئاماژەکردن بەو دۆخە قەیراناوییەی کە ڕێژیمی ئێران بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، داوایان کردووە لاوانی کورد لە هەر بارودۆخێکدا دەبێ درێژە بە خوێندن بدەن تا لە داهاتوودا بە چەکی زانست و تێکنۆلۆژی بەسەر داگیرکەراندا زاڵ ببن و خاکی پیرۆزی کوردستان لە بوونی داگیرکەران خاوێن بکەنەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هەرچی لە پێشوازیی ١ی ڕەزبەر و دەسپێکی ساڵی نوێی فێرکاریی لە ئێران نزیک دەبینەوە، تارمایی و سێبەری بێ‌هیوایی زیاتر لە هەر وەخت سەبارەت بە کرانەوەی قوتابخانەکان وەبەرچاو دەکەوێت. ناڕوونی بڕیارەکان و لێدوانی نابەرپرسانە و پارادۆکسی کاربەدەستان، ئەوەندەی دیکە خەڵکی لە چارەنووسی منداڵەکانیان نیگەران کردووە. لە میانەی یەک بۆ دوو ساڵی ڕابردوودا، وەزیری پەروەردەی ئێران و مودیرانی  دیکەی ئەو وەزارەتخانەیە، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە دۆخی ڕاستەقینەی پەروەردە بدەنەوە، پێداگریی لەوە دەکەن کە داخرانی فیزیکی قوتابخانەکان، بە هیچ شێوەیەک داخرانی پرسی خوێندنی لێ ‌ناکەوێتەوە و پرۆسەی فێرکاریی لە ڕێگەی هێڵی ئینتێرنێتەوە کراوە دەبێت. ئەو ئیدیعایە لە حاڵێکدا دەکرێ کە لەلایەک بەهۆی گرفتی هەژاری، نزیک بە پێنج ملیۆن قوتابی دەستیان بە کەرەسەی پێویست بە مەبەستی پەیوەست بوون بە هێڵی فێرکاریی بە ناو "شاد" ڕاناگات و لەلایەکی دیکەوە نزیکەی سێ میلیۆن قوتابی لە ناوچەگەلێک دا دەژین کە هێڵەکانی ئینتێرنێت هەر بوونی نییە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاوی قوتابیان لە بەشداریی تاقیکارییەکانی کۆتایی ساڵی خوێندنی ٩٩-٤٠٠ کە ناڕەزایەتی سەر شەقامیشی لێ‌کەوتەوە، خۆیان بوارد.

بە کورتی، ئامارەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لە مەیدانی کردەوەدا، دەوروبەری ٤٠ لەسەد لە قوتابیانی ئێران لە مەسەلەی خوێندن دابڕاون. بێ گومان، ئەم ڕێژەیە جێگەی تێڕامان ‌و داخە و دەبێ وەکوو خەمێکی گەورەی قەیراناوی کۆمەڵگەی ئێران چاوی لێبکرێت. شایانی باسە کە ئەم ئیدیعایە لە لایەن چەند نوێنەری مەجلیسی شوورای ئیسلامیشەوە لە قاو درا و لە بەر ئەوەی کە لە نیزامی ئیسلامی ئێراندا ڕاستییەکان نابێ بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێن، هەڵای لێکەتەوە. بە دڵنیایی، بارودۆخی قوتابخانەکان لە کوردستانی داگیرکراودا لە هەموو بارێکەوە بە نیسب ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکرا، نالەبارترە. بە تایبەتی پرسی "دابڕان لە خوێندن" هیچ جێگرەوەیەکی نییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە کۆمەڵگەی کوردستان وەکوو قەیرانێکی جیددی خۆی دەردەخات.

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

ئێوە ئێسا کە بە پەرۆشەوە، لە ئاسۆی دواڕۆژی منداڵەکانتان دەڕوانن و ئەوانیش بە تاسەوە چاوەڕوانی هاتنی یەکی ڕەزبەر دەکەن کە لەودا بە گەشە و نەشەوە، وەرزی نوێی خوێندن لە گەڵ مامۆستا و هاوپۆلەکانیان دەست پێ بکەن، کەچی دەزگای پەروەردەی ئێران هیچ بایەخێکی ئەوتۆ بەو ویستە ڕەوایەی خەڵک نادات و وەک شیمانە دەکرێت، توانای کردنەوەی خوێندنگەکان و بەڕێوەبردنی پرسی فێرکاریی نییە. مخابن هەروەک دەبینین، قوتابخانە لە ژێر سێبەری سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر  نیشتمانی ئێمەدا، لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور کەوتووەتەوە و خەمی سەرەکی ئەوان تەنیا لە هەوڵدان بۆ مانەوەی تەمەنی شوومی دەسەڵاتی ئاخوندە فێڵباز و دنیاپەرەستەکان دا ڕەنگ دەداتەوە.

 ئەمڕۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی، بە هۆی ڕوبەڕووبوونەوە لە گەڵ ڤایرۆسی کۆڤید١٩ و بێ کیفایەتی دەسەڵاتدارە جینایەتکارەکان، لە دۆخێکی وەها دژوار دان کە ڕەنگە چۆنیەتی زاڵ بوون بە سەر مەرگدا، خەمی سەرەکی ئەوان بێت. هەروەها لە باری ئابوورییەوە، زۆربەی خەڵک لە دابینکردنی سەرەتایی ترین پێداویستی یەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەستەوسان ماونەتەوە. لە ئاکامدا کەشێکی لێڵی تەژی لە بێ هیوایی باڵی ڕەشی بە سەر کۆمەڵگەدا کێشاوە کە لەودا هیچ ڕۆچنەیەک بەدی ناکرێ هەتا لەوێوە دڵ بە ژیانی داهاتووی منداڵان خۆش بکەن. هەروەها، نیزامیی سیاسی ئێران هیچ بایەخێک بە پیشەی شوێندانەر و گرینگی مامۆستایەتی نادات و بەرپرسان نەتەنیا گوێ لە داخوازە ڕەواکانی مامۆستایان ناگرن، بەڵکوو لە جاران چڕتر، بە چۆماقی ڕق و تۆڵە وەڵامیان دەدەنەوە. 

مامۆستایانی ڕووناکبیر و مافخوازی کوردستان!

هەروەک دەزانن، هۆکاری سەرەکی کۆسپ و گرفتەکانی ئەمڕۆی پەروەردەی ئێران، لە پلەی یەکەمدا بۆ سیاسەتی چەوت و دواکەوتوانەی ڕێبەری دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهـ دەگەڕێتەوە و دواتریش، تێکڕای بەرپرسانی نیزامە جینایەتکارەکەیان لەخۆ دەگرێت، چۆن گشتیان لە پێکهێنانی دۆخی قەیراناوی ئەمڕۆی ئێراندا، شەریک و هاودەستن. بۆ وێنە، وەختێک کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ دا، خامنەیی هاوردەکردنی واکسەنی ئەمریکایی و ڕۆژئاوایی قەدەغە کرد، ڕەئیسی، وەک بەرپرسی دەزگای داد، وتەکانی ناوبراوی بە هەڵوێستێکی شیاو نرخاند. ئەوجار سەرکۆمارو پاشان وەزیری سڵامەتی، وەکوو ڕۆبات قسەکانی خامنەیی یان دووپات کردەوە. سەد مخابن، ئێمە گیرۆدەی دەستی ڕێژیمێکی وەها دواکەوتووین کە لەودا بەرپرس و کاربەدەستانی نەک لە سەر چۆنیەتی خزمەت بە خەڵک، بەڵکوو لە مەیدانی پەسەندکردنی هەڵوێستەکانی دیکتاتۆردا، لە سەر بنەمای قازانجی شەخسی خۆیان جامەلووسکێ و ڕکابەری دەکەن. هەر بۆیە بوونی وەزیرێکی کارامە بۆ وەزارەتی پەروەردە، یان لە سەرکار دانانی مودیرانێکی دڵسۆز لە گەڵ ناوەڕۆکی ئەو نیزامەدا نامۆن، بەڵکوو ئەوەی دڵڕەق تر و جینایەتکار ترە، لە ڕێبەری نیزام نزیک ترە و دەتوانێ لە سەر پۆستەکەی بمێنێتەوە.

مامۆستایانی تێکۆشەر، ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانین کە سەرچاوەی تێکڕای نەهامەتی و قەیرانەکانی بواری پەروەردەی ئەمڕۆ، دەسەڵاتی نیزامی ئاخوندی یە، هەر بۆیە لە یەکەم قۆناخدا، تەنیا ڕێگەی چارەسەرکردنیان، کۆتایی ‌هێنان بە تەمەنە نگریسەکەی لە کوردستانە. هەر بۆیە لە ئێوەی خۆشەویست چاوەڕوان دەکرێت کە  لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرن و لە ژێر تیشکی ڕووناکایی هزر و بیری گەشتان، قوتابیانی کوردستان بۆ دوارۆژی نیشتمانێکی ئازادو سەربەست، پەروەردە بکەن. مامۆستای ڕاستەقینەی کورد نابێ ئەو ڕاستییە لە بیر بکات کە جیا لە ئەرکە پیشەییەکان، چارەنووسی منداڵانی نەتەوەیەکی داگیرکراو لە بەردەستی دان و لە هەموو وەخت زیاتر پێویستە مشووریان لێ بخوات.

مامۆستایانی مافخوازی کوردستان ! دیارە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی فێرکارییەوە، قوتابخانە تەنیا جێگەیەک نییە کە لەودا ئەکتەرە تاکەکان یەک بگرنەوە، بەڵکوو دەکرێ وەک ناوندێکی سیاسی کەڵکی لێوەربگرێت. لە دنیای ئەمڕۆدا بونیادی فێرکاریی، لەلایەک بەهۆی کۆمەڵێک فاکتۆری ناوەکی و دەرەکی بە گشتی و، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ڕوانگەی ستراتێژیکی حکوومەتی ناوەندییەوە، بە ناو چەندین پرۆژەی جۆراوجۆردا تێپەڕ بووە و پەرەی ئەستاندووە. بایەخی بەرهەمی شڕۆڤەی هەمە لایەنەی ئەم پرۆژە و فاکتەرانە کە بە مەرجدارکردنی پرۆسەی خوێندنەوە پەیوەستن، لە درێژخایەندا خۆ دەردەخەن. کاتێک ئەم داخوازە گرینگە دەستەبەر دەبێ کە دەسەڵاتی ناوەندی بە دڵفراوانییەوە، زەمینەی بە دێموکراتیزەکردنی وڵاتەکەی برەخسێنێت و کارناسانی بواری پەروەردە و نوێنەرانی ڕاستینەی خەڵک بە سانایی دەستیان بە ناوەندەکانی بڕیار بگات تا لەوێوە بتوانن بۆچوون و ڕوانگەکانیان بۆ ناخی کۆمەڵگەی خۆیان شۆڕ بکەنەوە.

قوتابییانی خۆشەویست!

لە ڕیزبەندییە جیهانیەکان دا، وڵاتی ئێران بۆ پرسی واکسیناسیۆن  پلەی ١٣٨ پێ دراوە و تا ئەمڕۆ بە پێی سەرچاوە ڕەسمییەکان زیاتر لە  ٢٠٠ هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە. بە پێی وتەی بەرپرسان ژمارەی قوربانییەکان ٣ بەرابەر لەوە زیاترن کە لە میدیای ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێنەوە. شایانی باسە ڕۆژنامەی "جەوان" سەر بە سپای پاسداران لە وتووێژ لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆ پزشکی تاراندا، ئاماژە بە ٧ بەرابەر زیادبوونی ئەو ژمارەیە دەکا. دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە لە ئەگەری هاوردەکردنی واکسەنی جێ بڕوادا ئێستا زۆربەی قوربانییەکان دەیانتوانی لە تەنیشت بنەماڵە و ئازیزانیان ژیانیان بە سەر ببردایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە جێگەی ئەوەی لە ئاکامی شەرمەزاری خۆیاندا دەست لە کار بکێشنەوە، بە پێچەوانە، دەستیان خستووەتە ناو کتێبە دەرسییەکانی ئێوە و بە ڕووهەڵماڵدراوی باسیان لەوە کردووە کە ئێران بە هۆی هەبووونی سیستمێکی مودێڕن، لە ڕیزی هەرە لەپێشی ئەو وڵاتانە دایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆنترۆڵ کردووە. بەڵام ئێستا جێگەی ئەو پرسیارە بەتاڵە کە "بۆچی زۆربەی وڵاتانی جیهان و دراوسێکان حاڵ و وەزعیان لە ئێران باشترە و هیچ ئیدیعایەکی پووچی لەم شێوەش ناکەن؟"

ئازیزان، بۆ دەرچوون لەم قوناخە تاریکە و بۆ وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانمان، کوردستان پێویستی جیددی بە هێمەتی ئێوە هەیە. لاوانی کورد لە هەر بارودۆخێکدا دەبێ درێژە بە خوێندن بدەن تا لە داهاتوو دا بە چەکی زانست و تێکنۆلۆژی بە سەر داگیرکەران دا زاڵ ببن و خاکی پیرۆزی کوردستان لە بوونی داگیرکەران خاوێن بکەینەوە.

خەڵکی کۆڵنەدەر و تێکۆشەری کوردستان!

زۆر بە داخەوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر کەسی ئازیز و خۆشەویستمان لە دەست دا و زۆربەی بنەماڵەکان تاسەبار کەوتن. ڕاستە قەیرانی کۆرۆنا دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام وڵاتە دێموکراتیکەکان، بە پێچەوانەی دەسەڵاتی تاران، ئەم پرسەیان بە سیاسی نەکرد و بە کەمترین ئیمکاناتی خۆیان و بەبێ هەرای تەبلیغاتی، هەم قوتابخانەیان بە کراوەیی هێشتەوە و هەم خەسارەکانیان بە کەمترین ئاستی خۆی گەیاند. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: "چ کەس و دەزگایەک لە بەرانبەر قوربانییەکانی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان دا بەرپرسیارە؟"

تێکڕای نیشانەکان ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە ڕێژیمی ئاخوندەکان بە ئانقەست تەشەنە بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەدات و لە سێبەری ئەو جینایەتەدا بە تەمایە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا سەقامگیر بکا. کەوایە ئەگەر ئەم شێوازە ڕەفتارە ناوی ڕەشەکوژی نییە، ئەبێ چی بێت؟ حکومەتێک کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکەی دەکا، مەحکووم بە نەمانە و پێویستە کە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە هەوڵ بۆ داڕمانی بدرێت.

یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە مامۆستایان، قوتابیان و بنەماڵەکانیان، تێدەکۆشێ کە بە پشت بەستن بە ئیرادەی بە هێزی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و کۆمەڵێک مامۆستای بوێری کورد، هەتا وەدیهاتنی ئامانجە ڕاستەقینە و ڕەواکانی گەلی کورد لە پانتایی خەبات دژی دڕندەترین دەسەڵاتی سەردەم بمێنێتەوە، ئەوەش ئەو کاتە دێتە دی کە ڕیزەکانی یەکێتی و برایەتیمان لە سەر بنەمای ئاشتی و دێموکراسی لە جاران پتەوتر بە هێزتر بکەین.

یەکێتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی