کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە برینداربووانی خۆپیشاندانەکانی ئەحواز گیانی لەدەست دا و دەسبەسەرکردنەکان هەروا درێژەی هەیە

13:02 - 8 گەلاوێژ 2721

هاوکات لەگەڵ درێژەی دەسبەسەریی شەوانە و ماڵ بە ماڵی چالاکانی مەدەنی و ناڕازییان لە شار و گوندەکانی ئەحواز، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەحواز باسی لەوە کرددووە کە یەکێک لە برینداربووانی خۆپیشاندانەکان لە ئەحواز گیانی لەدەست دا.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ''مەهدی حەبیب ئەلساری'' تەمەن ١٨ ساڵ کە ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ لە خۆپیشاندانەکانی ئەحواز لە شاری "خەفاجیه" بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بریندار ببوو، شەوی چوار شەممە گیانی لەدەست دا.

پێشتر ناوەندەکانی مافی مرۆیی هۆشدارییان دابوو کە برینداربووانی خۆپیشاندانەکانی ئەحواز لە ترسی دەسبەرکردنیان، بۆ چارەسەریی برینەکەیان ڕوو لە ناوەندە دەرمانییەکان ناکەن و گیانیان لە مەترسی دایە.

هەتا ئێستا ناوی نزیکەی ١٠ کەس کە لە خۆپیشانەدانەکانی ئەحواز کوژراون، بڵاو بووتەوە.

دۆخی دەسبەسەرکراونی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایانە کە بەشێکی زۆریان منداڵن، ناوەندە مافی مرۆییەکانی تووشی نیگەرانی کردووە.

لە حاڵێکدا کە دەسبەسەرکردنەکان لە شار و گوندەکان کە هەروا درێژەی هەیە، ''کەریم حوسێنی'' بەناو نوێنەری ئەحواز لە مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی، ئامارێکی ورد لە منداڵانی دەسبەسەرکراو لەو خۆپیشاندانانەدا لە بەردەستدا نییە.