کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە تاوانبارانی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧، لە سوئید دەسبەسەر کرا

11:40 - 23 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دادیارێکی دادوەریی پێشووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ" لە سوئید دەسبەسەر کرا.

دادگای ستۆکهۆڵم، حوکمی دەسبەسەرکردنی ''حەمید نووری''، دادیاری دادسەرای گەوهەردەشتی بە تۆمەتی بەشداری لە ئێعدامەکانی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دەرکرد.

ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر بۆ ئەو تاونبارە دەرچووە.

دادگای ستۆکهۆڵم، بە دەرکردنی ئەو حوکمە، بۆ یەکەم جار دەسەڵاتی دامەزراوەیەکی قەزایی بیانی بۆ پێڕاگەیشتن بە تاوانی ئەنجام دارو لە ئێراندا پشتڕاست کردەوە.

"ئیرەج مێسداقی"  لە سەفەری حەمید نووری بۆ ستۆکهۆلم ئاگادار دەبێت و بەڵگەی پێویست بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبراو  کۆ دەکاتەوە.

نووری یەکێک لە نزیکترین کەسانی ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرپرسی ئیستای دەزگای دادوەری ڕێژیمی ئێران بووە.

حەمید نووری، لە کاتی ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە ناوی ''حەمید عەباسی '' دادیاری دەزگای دەادوەری ڕێژیمی ئێران لە گەوهەردەشت بووە و لەلایەن سکاڵاکەرانی تایبەتەوە بە دست تێدابوون لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و ئەندام لە هەیئەتی مەرگ تۆمەتبار کراوە.

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هەزاران چالاکی سیاسی و کەسانی ئازادیخواز و جیابیر، لە لایەن ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران لە زیندانەکاندا ئێعدام کران.

لەو کاتەدا، هەیئەتێک بە فەرمانی "خومەینی" دامەزرا کە "حوسێن‌عەلی نیری"،  زانای ئایینی، "مۆرتەزا ئەشراقی"، دادوەری ئەو کاتی تاران، "ئیبراهیم ڕەئیسی"، جێگری دادوەری تاران و "مستەفا پوورمحەممەدی"، نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات، ئەندامانی ئەم هەیئەتە بوون و بڕیاریان لەسەر ئێعدامکردنی ٤ هەزار کەس لە دژبەران و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دا.