کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ ئێعدام کرا

11:55 - 15 گەلاوێژ 2720

''مستەفا ساڵحی'' لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، لە زیندانی دەستگێردی ئیسفەهان ئێعدام کرا.

ڕۆژی سێشەممە دوای ڕاگواستنی ''مستەفا ساڵحی'' بۆ زیندانی تاکەکەسی، چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەنیسبەت ئێعدامی ناوبراو هۆشدارییان دابوو.

''مستەفا ساڵحی'' لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ لە شاری ''کەهریزسەنگـ''ـی ئیسفەهان دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ زیندانی دەستگێرد ڕاگوێزرا.

"مستەفا ساڵحی'' بە تاوانی کوشتنی ''سەجاد شاسنایی،'' ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە کاتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

سەرەڕای ئەوەی کە ناوبراو لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردنی، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردبووەوە، لەلایەن دادگای کەیفریی ئیسفەهانەوە حوکمی ئێعدامی بۆ دەر کرا.

ڕێژیمی ئێران کە هیچ توانایەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتارییەکانی خەڵک نییە و هەر ڕۆژە زیاتر خەڵک بە هەڕەشەیەکی جیددیتر بۆ سەر خۆی دەبینێت و دەیهەوێت لە ڕێگای ئێعدامکردنەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە، هەتا پێش بە هەر چەشنە جووڵەیەکی خەڵک بگرێت.