
بە دوای ڕەتکردنەوەی دوو بەربژێری پێشوو کە لەلایەن "ئیبراهیم ڕئیسیـ"ـیەوە پێشنیار کرابوون، لە دانیشتنی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز لە مەجلیسی ڕێژیم، "یووسف نووری" لە بەڕێوەبەرانی بنکەی "خاتەمولئەنبیا" وەک وەزیری نوێی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم هەڵبژێردرا.
"نووری" یەکێک لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و بەڕێوەبەری پێشووی بنکەی "خاتەمولئەنبیا"یە.
کابینەی ڕەئیسی لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە ئەمنییەتییەکان پێک هاتووە.
لەو نێوانەدا کەسانێکی وەک "محەممەد مۆخبێر" جێگری یەکەمی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری نێوخۆی ئێران و "ڕۆستەم قاسمی" وەزیری ڕێگا و شارسازی، لە کەسانی بەرچاوی سپای تێرۆریستی پاسدارانن کە لە کابینەی سێزدەهەمی ڕێژیمی ئێراندا بوونیان هەیە.
بە وتەی چاوەدێرانی سیاسی، ڕێژیمی ئێران بە یەکدەستکردنی دەسەڵاتی "یاسادانان، بەڕێوەبەری و دادوەری"، بەنیازە بە تەواوی خەڵک بخاتە ژێر سەرکوتەوە و بەو شێوەیە پێش بە ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان بگرن.