کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپێکی سەر بە ئەلقاعیدە لە هێرشی ئامریکادا کوژرا

12:52 - 7 پووشپەڕ 2722

"سێنتکام" ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا ڕایگەیاند، لە عەمەلیاتێکی شەوانە لە سووریەدا یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی کردووەتە ئامانج و کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوی سێنتکام هاتووە: ''هێزەکانی سێنتکام ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ لە هێرشێکدا لە پارێزگای ئەدلەب، ئەبوحەمزە ئەلیەمنی یەکێک لە ڕێبەرانی باڵای گرووپی 'حراسەدین کە ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی سەر بە ئەلقاعیدەیە کردووەتە ئامانج''.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، ''ئەبوحەمزە ئەلیەمنی'' لە کاتی ئەو هێرشەدا بە تەنیا سواری ماتۆڕسیکلێت بووە و کراوەتە ئامانج.

سێنتکام گرووپی ''حەراسەدین'' بە ڕێکخراوێکی توندئاژۆ ناو لێ بردووە کە وەکوو هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بۆ بەرژەوەندیی ئامریکا و هاوپمانەکانی بە هەڕەشە دێنە ئەژمار.

میلیشیاکانی سەر بە ئەلقاعیدە و چەندین گرووپی تێرۆریستیی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە جێگیرن و لەوێ وەکوو شوێنێکی ئەمن بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.