کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێران لە ورمێ دەسبەسەر کرا

10:24 - 12 رێبەندان 2719

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوه‌کان، "کیومەرس دانشجوو"، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی سەهامی ئاوی ناوچەیی لە ورمێ کە دوایین ساڵەکانی کارکردنی بووه، دەسبەسەر کراوه.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوه کرد، ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لەگەڵ چەند کارناسی باڵای ڕێکخراوی ئاوی ورمێ کە یەکێک لە ئەوان کوڕی ناوبراوە، دەسبەسەر کراوه.

دەسبەسەرکرانی ئەو کاربەدەست و کارناسە باڵایانەی ڕێژیم لە بایکۆتێکی خەبەری و دوور لە میدیاکانەوە ئەنجام دراوه.

لەبارەی دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە هەواڵدەریی "تەسنیم"، سەر به سپای تێرۆریستی پاسداران، تەنیا لە پەیامێکی تویتێریدا باسی لێ کردووه.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوه کردووه، بابەتی دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە بۆ گەندەڵیی ماڵی دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییه، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بۆ کۆنترۆلکردنی ئاوە سنووریییەکان، ڕێکخراوی ئاو، زیاترین بودجەی بۆ بڕدراوەتەوە. تەنیا له ساڵی ۹۷ی هەتاوی زیاتر له ٥۰۰ میلیارد تمەن بۆ پرۆژەکانی ئاو لە دوو شاری پیرانشار و سەردەشت تەرخان کراوه.

ڕێژیم لە شارەکانی ورمێ، بە تایبەتی سەردەشت و پیرانشار خەریکی گواستنەوەی ئاو بۆ ناوەندی ئێرانە.

بەنداوەکانی وەک: "کانی سێو، سێڵوێ، کۆڵەسەی سەردەشت، گردەبن" و تونێلێکی ۳٥ کیلۆمیتریی ئاو بۆ گواستنەوەی ئاوی چۆمی زێ لە دەستی ئیجرادایە.

هاوکات بەنداوی "باوەلە" و تونێلی ڕاگواستنی ئاو لە "خەرپاپـ"ـی پیرانشار ڕێژیم خەریکە خوێندوەیان بۆ دەکات.

دروستکردنی بەنداو لەو شوێنانە لە کاتێکدایە کە دەبێ ئەو شوێنانە وەک ناوچەیەکی "پارێزراو"، بپارێزرێن.

ڕێژیم لەو کارانە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە:

یەکەم: دزی و تاڵانی ئاوی کوردستان.

دووهەم: پارە خواردن و گەندەڵی بە ناوی نەجاتدانی دەریاچەی ورمێ.

 هاوکات ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایه ئاوی چۆمی "زێ" کۆنترۆڵ بکات و وەک کارتێکی گوشار دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکاری بێنێت.

چالاکییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەندێک لەو پرۆژانەدا وەک پرۆژەی نزیک گوندی "خورینج" گوماناوییە و ژێرسازییەکان دەرخەری ئەوەیە کە لە داهاتوودا ئەگەری بە کارهێنانی ئەو شوێنە وەک بنکەیەکی سربازی و مووشەکی دوور لە چاوەڕوانی نییە.

لە هەمان کاتدا دەزگا ئەمنییەکانی رێژیمی ئێران چالاکانی ژینگەپارێزیی لە ناوچەدا خستووەتە ژێر گوشار و بە بەردەوامی بانگهێشت دەکرێن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت.