کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی مرد

11:58 - 4 خەرمانان 2720

"ڕوحوڵڵا حوسێنیان" یەکێک لە کاربەدەستانی پلەباڵا و بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی مرد.

"ڕوحوڵڵا حوسێنیان" یەکێک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیم بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەسی بێ تاوان سوور بووە و لە ساڵەکانی هاتنەسەر کاری ڕێژیم هەتا کاتی مردنی چەند بەرپرسیاریەتیی گەورەی هەبووە.

ناوبراو نوێنەری ڕێژیم لە خولی هەشتەم و نۆهەمی مەجلیسدا بووە و لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی هەتا کاتی مردن، سەرۆکی ناوەندی بەڵگەنامەکانی ڕێژیم بووە.

 "حوسێنیان" لە دەزگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا چەندین بەرپرسیاریەتیی لەئەستۆ بووە و لە کاتی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە ڕۆژنامەیەکی ڕێژیمدا  وتبووی: "ئێمە خۆمان سەردەمانێک بکوژن بووین"، دانی بە جینایەتکاربوونی خۆیدا نابوو.

"حوسێنیان" لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەڕەشەی کوشتنی لە "زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و "ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کردبوو و پێیانی وتبوو: "ئێوە لەسێدارە دەدەم و لە ڕاکتۆری ئەراکدا دەتاننێژم و سیمانتان بەسەردا دەکەم".

هەروەها ناوبراو یەکێک لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی "حەسەن ڕووحانی" بووە و چەند جار ڕەخنەی توندی گرتووە و تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی بە جوانی ڕوون نەکراوەتەوە. "محەممەد حوسێنیان" کۆڕی ناوبراو ئاماژەی بە هۆکاری مردنی باوکی نەکردووە، بەڵام ڕێژیم هۆیەکەی، نەخۆشیی دڵ ڕاگەیاندووە.