کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە کرێکارانی دۆسیەی "ئاق دەڕە" بە زیندان مەحکووم کرا

19:16 - 21 جۆزەردان 2720

یەکێک لە کرێکارانی دۆسیەی شیرکەتی "ئاق دەڕە" کە بەهۆی نەبونی کار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو و بە ٢١ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو، بەهۆی نەبوونی پارە بۆ دانی جەریمەکەی لە بەیانیی ڕۆژی زەماوەندەکەیدا بانگ کراوە بۆ بەندیخانە.

"داریووش نیکزاد"، یەکیک لە کرێکارانی دۆسیەی شیرکەتی کانزای "ئاق دەڕە" لە شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمی، لە بەهاری ساڵی ٩٦ی هەتاویدا کە لەگەڵ بەشێک لە کرێکاران و خەڵکی خۆجێییدا بەهۆی نەبوونی کار دەستیان دابووە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، پاش دۆسیەسازییان ناوبراو بە ٢١ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ناوبراو لە کاتێکدا کە دەیتوانی بە دانی ٥ ملیۆن تمەن حوکمی بەندکرانەکەی بکڕێت، بەڵام بەهۆی دەستکورتی و هەژاری ناچار بە کۆڵدان بە بەندیخانە بووە.

بەڕێوەبردنی حوکمی ناوبراو پاش چەندین مانگ خستنە پشتگوێ لە کاتێکدایە کە کارفەرمای "ئاق دەڕە"، ڕایگەیاندووە لە پەیوەندی لەگەل دۆسیەی "ئاق دەڕە" حەوت هەتا هەشت مانگ پێش، شیرکەت لە سکاڵاکەی خۆی پاشگەز بووەتەوە و ڕەزایەتی داوە.

ڕێژیمی ئێران هیچ مافێک بە کرێکاران لەو وڵاتەدا نادات و ئەگەر کەسێکیش لەو بوارەدا ناڕەزایەتی دەرببڕێت سەرکوتی دەکەن.