کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی دانوستاندنی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن سووکایەتیی بە کەسێکی ناڕازی کرد

18:38 - 17 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە، پێش لە دانیشتنی فەرمیی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام لە ڤییەن، کۆمەڵێک لە خەڵکی ناڕازی و دژبەری ڕێژیمی ئێران لە بەردەم هۆتێلێک کە هەئیەتی دانوستاندنی ڕێژیمی ئێران لێی نیشتەجێ بوون، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک‌ هێنا.

لە کورتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، ''کازم غەریب ئابادی'' نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤییەن، لە کاردانەوە بە ژنێکی ناڕازی کە دەڵێت: ''نیشتمانفرۆشەکان، خائینان، بۆچی نیشتمانی ئێمەتان فرۆشت؟'' وڵامی داوەتەوە و وتوویەتی: ''بڕۆ ون بە''.

ئەم سووکایەتییەی نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران وەکوو هەمیشە ئەم سووکایەتی پێکردنەیان بە پێچەوانە بڵاو کردووەتەوە و وتوویانە کە لە ڤییەن دژبەرانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر دیپلۆماتەکانی ئێران، لە حاڵێکدا لەو ڤیدیۆیەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لەلایەن نوێنەری ڕێژیمی ئێرانەوە چۆن سووکایەتی بە خەڵک کراوە.