کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی دیکە لە مەئموورانی سەرکوتکەری ڕێژیم کوژرا

18:26 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی هێزی بەناو ئینتزامیی ڕێژیم لە شاری شیرازدا، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

هەواڵدەریی "جمهووریی ئیسلامی"، لە زاری سەرهەنگ "کاووس محەممەدی"، جێگری پرسە کۆمەڵایەتییەکانی پۆلیسی ڕێژیم لە پارێزگای "فارسـ"دا، بڵاوی کردووەتەوە: "ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی پووشپەڕ، یەکێک لە مەئموورانی بەناو هێزی ئینتزامی، بە ناوی سەروان بێهروزی، لە شاری شیرازدا و لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆیدا، کوژرا".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە تا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەم مەئموورە ناڕوونە و بەدواداچوونەکان بۆ زانینی هۆکارەکەی بەردەوامە.

ئەم قسانەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە سەرکوتکەرانی ڕێژیم، لە هەموو ئێراندا خەڵکیان وەزاڵە هێناوە و خەڵکانی ئەم وڵاتە بە بینینیان هەست بە نائەمنی دەکەن.

هەروەها لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کرد کە دەرگیرییەک لە نێوان هێزەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیم و بە وتەی ئەوان گرووپێکی تێرۆریستیدا ڕووی داوە، کە لە ئاکامی ئەم دەرگیرییەدا، دوو پاسداری ڕێژیم کوژراون و دوو پاسداری دیکەش بریندار بوونە.