کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکە پیشەیییەکان لە پارێزگای سنە دادەخرێن

12:21 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ١٥٩ یەکەی پیشەیی لە پارێزگای سنە ناکارایە و مۆڵەتی چالاکییان لێ وەرگیراوەتەوە.

پەیمان ئەڵماسی، جێگری کاروباری پیشەیی لە ڕێکخراوی "پیشە، کانزا و بازرگانی" لە پارێزگای سنە، رایگەیاندووە: لە سەرجەم ٧٩٨ یەکەی پیشەیی ئەو پارێزگایە، ٦٣٩ یەکە چالاک و نیوەچالاکن و ١٥٩ یەکە ناکاران و مۆڵەتی چالاکییان لێ وەرگیراوەتەوە.

ناچالاکبوونی یەکە پیشەیییەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ زۆربوونەوەی ڕێژەی بێکاری و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار.

 سەرەڕای لەسەربوونی ڕێژەی بێکاریی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران، داخران و ناچالاککردنی یەکە پیشەیییەکانیش فاکتەرگەلێکی کاریگەرن لەسەر پەرەسەندنی بێکارییەک کە بە شێوازی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمەوە هەوڵی بۆ دەدرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا عەلی عەبدولی، بەرپرسی گشتیی شارەکە پیشەیییەکانی پارێزگای ورمێ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵدەریی حکوومەتی "تەسنیم" ڕایگەیاندووە: بەپێی ئامارێک کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٧ کۆ کراوەتەوە، تەنیا نیوەی یەکە پیشەیییەکان چالاکن.

هەروەها پێشتر بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە لەسەدا ٤٥ی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنانەکان لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی تواناییی ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کارەکانیان دەدەن.