کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکە پیشەیییەکانی پارێزگای ورمێ دابەزینیان بەخۆوە دیوە

12:23 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ٥٠ لەسەدی یەکە پیشەیییەکانی پارێزگای ورمێ، دابەزینیان بە خۆوە بینیوە.

عەلی عەبدولی، بەرپرسی گشتیی شارەکە پیشەیییەکانی پارێزگای ورمێ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵدەریی حکوومەتی "تەسنیم" ڕایگەیاندووە: بەپێی ئامارێک کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٧ کۆ کراوەتەوە، تەنیا نیوەی یەکە پێشەیییەکان چالاکن.

ناوبراو، لە بارەی هۆکارەکانی دابەزینی یەکە پیشەیییەکان ئاماژەی بەوە کردووە: "لە هەر بوارێکدا هۆکاری جیاواز بۆ دابەزینی ئاستی چالاکی هەیە، بەڵام لە هۆکارە بەرچاوەکانی ئەم ڕووداوە نەبوونی نەختینەیی، نەتوانین لە دابینکردنی مادە سەرەتایییەکان و نەبوونی سەرمایەگوزارییە".

هەروەها پێشتر بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە لەسەدا ٤٥ی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنانەکان لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی تواناییی ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

جێگری وەزیری پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران رایگەیاندووە، کە لە ماوەی ساڵی١٣٧٠ی هەتاوی هەتا ئێستا ٦٢٣٩ یەکەی بەرهەمهێنەر لە ئێراندا نیوەچالاک بوون.

هەروەها داخرانی لەسەدا ٤٧ی یەکەی بەرهەمهێنەر و پیشەیی لە پارێزگای ورمێ، بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەو پارێزگایە بێکار بن.