کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا "جەلال مەلەکشا" لە سنە بەڕێوە چوو

10:48 - 11 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر بە بەشداریی ژنان، پیاوان، لاوان و بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا "جەلال مەلەکشا" لەسەر گڵکۆی ناوبراو لە سنە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردبوو و لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش بەشدارییان کردبوو.

ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، مامۆستا "جەلال مەلەکشا" شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا و قەڵەم ڕەنگینی کورد لە دوای ژیانێکی هەژارانە و سەربەرزانە، بەڕووسوورییەوە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

مامۆستا "جەلال مەلەکشا" ١٤ ساڵ لە وەشانگەی "سەلاحەدین ئەیووبی" بەرپرسی بەشی ئەدەبیی گۆڤاری "سروە" بووە و ماوەیەکیش لە هەولێر سەرنووسەری بلاڤۆکی "پرشنگ" بووە.

هەر بەهۆی ئەو هەستە نیشتمانپەروەری و کوردانەیەوە، ١٦ ساڵ لە تەمەنی لە زیندانی داگیرکەراندا بەسەر بردووە و زۆربەی شێعرەکانی لە سەردەمی زینداندا هۆنیوەتەوە.

"زڕەی زنجیری وشە دیلەکان، کارەسات، ناڵەی زنجیر و..." بەرهەمەکانی ناوبراون و شێعری "دارە پیرە" بەناوبانگترین شێعری مامۆستا "جەلال" بووە کە دەنگدانەوەیەکی باشی لەنێو خەڵدا هەبووە.

شێعرەکانی ناوبراو بە زمانەکانی "فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی و سوییدی" وەرگێڕدراوە.

‏ساڵی ٢٠١٤ لە مەریوان خەڵاتی "بەڕووی زێڕێنی ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژینی پێ بەخشراوە و ساڵانە لەلایەن کۆڕی ئەدیبانی شاری "سنە" بۆ ماندووبوون و خزمەتی زۆری ناوبراو بە ئەدەب و شێعر بە گەلەکەی ڕێزی لێ دەگیردرا.