کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم وزەخانەی جیهانی عەرەب لە ئیمارات دەستی بەکار کرد

12:19 - 12 گەلاوێژ 2720

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی یەکەم وزەخانەی ناوکیی جیهانی عەرەبی کردەوە و چووە ڕێزی ئەو وڵاتانەی کە کارەبا لە وزەی ناوکی بەرهەم دێنن.

''محەممەد بێن ڕاشێد'' حاکمی دوبەی ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ''قۆناغی تاقیکارییە بەربڵاوەکان و تەواوکردنی وزەخانە بە سەرکەوتوویی گەیشتە ئەنجام''.

وزەخانەی ''براکێـ''ـی ئیمارات لە چوار ڕاکتۆر بە دەفەرایەتیی بەرهەمهێنانی ٥ هەزار و ٦٠٠ مێگاوات بە بەهای ٢٥ میلیارد دۆلار پێک هاتووە و بڕیارە هەتا چەند مانگی دیکە بەرهەمهێنانی کارەبا لەم ڕاکتۆرە بگاتە قۆناغی بازرگانی.

وزەخانەی ناوکیی ئیمارات لەلایەن هاوپەیمانییەک بە سەرپەرستیی شیرکەتی ''کپکۆ''ی کۆرەی باشوور دروست کراوە.

دەستبەکاربوونی وزەخانەی ئیمارات لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران دەیان ساڵە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەی خەرجی وزەخانە ناوکییەکانی کردووە و هەتا ئێستا هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە، تەنات بەهۆی بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمەوە کە لە ڕاستای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی چالاکی دەکات، ئەو وڵاتەی تووشی قورسترین گەمارۆکان کردووەتەوە.