کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم پەرتووکی تایبەت بە "هونەری نەخشاندن" چاپ و بڵاو کرایەوە

11:07 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: یەکەم بەرهەمی ژنە هونەرمەندی کورد، خاتوو "سارا تەڵایی" کە هاوکات یەکەم پەرتووکی تایبەت بە هونەری نەخشاندنە لە زانکۆی "جیهان"ـی شاری هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

کاتژمێر ۱۱ی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر یەکەم بەرهەمی چاپ کراوی ژنە هونەرمەندی کورد، خاتوو "سارا تەڵایی" لەژێر ناوی "هونەری نەخشاندن" لە هۆڵی ئارت گەلەریی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی "جیهان"ـی شاری هەولێر، بە بەشداری هونەرمەندان، مامۆستایان، قوتابیان و هونەردۆستانی کورد، بەڕێوە چوو.

خاتوو سارا تەلایی، سەبارەت بە ناو و ناوەرۆکی کتێبەکەی بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: "نەخش زمانێکی ڕوانگەیە، زمانی بینین، جیهانییە کە نە وەرگێڕانی بۆ دەکرێ نە سنوور دەناسێ، هەروەک لە سەرەتای نەبوونی دەستور زمانی وتووێژی مرۆڤ بە نەخش یەکتریان تێگەیاندووە، بۆیە دەکرێ بڵێین بەهێزترین زمانە بۆ گەیاندنی بیروباوەڕی مرۆڤەکان".

وتیشی: "بۆ فێربوونی هەر زمانێک، کۆمەڵێک یاسا و دەستوور هەیە کە پێویستە بۆ نەخشاندنیش ئەو یاسا و دەستوورانە بوونیان هەبێ؛ کەواتە کەسێکی شارەزا و بەئەزموون دەبێت ئەو دەستورە داڕێژ بکات بۆ  فێرکردنی زمانی بینین و نەخشاندنیان".

زمانی دەربڕینی هەستەکان لە هەموو مرۆڤێکدا بە شێوازی جۆراوجۆر بوونیان هەیە کە هێزی گەشەپێدانی هەندێک لەو هەستانە زیاترە لە ئەویتریان هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە مرۆڤەکان لە بواری جیاوازدا تێگەیشتن و زانست و خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە.

بەشێک لەو تێگەیشتنانە دەگەڕێتەوە بۆ هەست پێکردن و کەڵک وەرگرتن لە خەیاڵ، ئیلهام، ماتڕیاڵ و حەقیقەتی وجود سروشت و ئادەمیزاد، بەشێکی‌تریش وەرگرتنی ئەزموون و خەتایە لە جۆری بینینی ڕوانگەی دەوروبەرمان، هەروەها  پەروەردەکردنی هێزە ئەرێنییەکان بۆ کردنەوەی دەرگا نهێنییەکان بەرەوڕووی داهێنان.

واتای نەخشاندن چییە؟ وشەی "نەخشاندن" کە چاوگەکەی "نەخش"ـە، وشەیەکی کۆنی کوردییە و لە کوردی کۆن و پاڵەویدا بە ناوی "نەخشەک" و "نەخشین" هاتووە کە واتای جوانی و چاکی و خۆشدیمەن و ڕووخۆش لەخۆ دەگرێت و لە کوردی ئەمڕۆشدا، بە واتای هونەری دەست و خەمڵاندن و ڕازاندنەوە دێت، ئێمە نابێ بە هەڵە لەگەڵ وشەی "نەقش"ـی عەرەبی لێکی بدەینەوە، چونکە ئێمەی کورد ڕەنگە ئەمڕۆ بێ دەسەڵات و بێ دەوڵەت بین، بەڵام ناکرێ شتی خۆمان بە بێگانان ببەخشین.

هەر لەبەر ئەو بناغە زمانییە، کە کتێبی فێرکاری شێوازی تۆمار کردن و نەخشاندنی دەوروبەرمان بە ناوی کتێبی هونەری نەخشاندن خستۆتە ڕوو".

خاتوو سارا، لە سەر چاپ و بڵاو بوونەوەی کتێبەکەی ڕایشیگەیاند: "ئەو کتێبە بە سپۆنسەری چاپخانەی زانکۆی جیهان لە شاری هەولێر، چاپ بووە و لە تیراژی 1000 دانە بڵاو کراوەتەوە."

کتێبی "هونەری نەخشاندن"، یەکەم سەرچاوەی زانستییە بۆ فێربوونی نەخش کردنی ئەو شتانەی کە دەیبینین لە دەوروبەرمان.

وشەی (نەخش)  هاوسەنگە لەگەڵ وشەی هێڵکاری یان سکەیچ ، (Sketch و esguisse) سکەیج لە وشەیەکی ئیتاڵیایی و فەرانسەوی وەرگیراوە.

نەخشاندن، واتای تەواوکردنی نەخشێکی دوو ڕەهەندی بۆ سێ ڕەهەندییەوە و هاوسەنگە لەگەڵ وشەی دیزاین (Design).وشەی (نەخشێنەر) هاوسەنگە لەگەڵ (designer)، بە کەسێک کە خەریتەیەک دادەڕێژێ و بە قەڵەم دەیکێشێتەوە پێی دەگووترێ نەخشێنەر.

ئەم کتێبە یەکەم هەنگاوە و سەرەتایەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە فێری نەخش کردن بن، جا لە هەر بوارێکدا بێت، وەکوو شێوەکاران، نەخشێنەرانی جلوبەرگ، نەخشێنەرانی بیناسازی و هتد ..."

 ناوبراو لە کۆتاییدا وتیشی: "ئەم کتێبە، یەکەم کتێبە لە سەر هونەری نەخشاندن کە بە زمانی کوردی چاپ کراوە، لە ئێستادا تەنیا بە زاراوەی کورمانجی ناوەڕاست (سۆرانی) بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بڕیارە بە زاراوەی کورمانجی ژوورووش بۆ باکووری کوردستان چاپ و بڵاو بکرێتەوە".

سارا تەڵایی، هونەرمەندی شێوەکار، شاعیر و ژەنیاری ئامێری دەف، لە ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی بەرانبەر ۱۹۸۷ی زایینی لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۰۱۶ی زایینی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دەهێڵێت و لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان ــ باشوور، نیشتەجێ دەبێت.

ناوبراو لە ماوە ئەم دوو ساڵەی کە لە باشووری کورستان نیشتەجێ بووە، دوازدە (۱۲) پیشانگای تایبەت بە هونەرەکانی دەکاتەوە و هەنووکەش مامۆستای شێوەکارییە لە زانکۆی "جیهان"ـی شاری هەولێر.

شایانی باسە کە ئەو هونەرمەندە کوردە، لە شەست و پێنج (۶۵) پێشانگای تایبەت و هاوبەشدا، لە باکووری ئێران، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەشداری کردووە و هونەرە ڕەنگینەکانی خستووەتە بەر دیدی بینەران و هونەردۆستان، کە بیست و پێنج(۲۵) پێشانگای تایبەت بە هونەرەکانی خۆی بووە.