کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی تێرۆریستێکی ڕێژیمی ئێران لە بلژیک بەڕێوە چوو

12:48 - 8 سەرماوەز 2720

"ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کە بە دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی یەکێک لە لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیم تاوانبارە، لە دادگادا بەشداریی نەکرد.

دادگاییکردنی ناوبراو و سێ تاوانباری دیکە لە شاری "ئانتۆرۆپ" لە بلژیک بەڕێوە چووە.

ئەگەر "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لەلایەن دادگاوە مەحکووم بکرێت، لە ٥ هەتا ٢٠ ساڵ بە زیندانی مەحکووم دەکرێت. حوکمی دادگا کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای ساڵی داهاتووی زایینی دەدرێت.

"ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، ئەمیر سەعدوونی، نەسیمە نێعمانی و مێهرداد عارفی" بە دانانەوەی بۆمب تاوانبار کراون.

"ئەسەدی" یەکێک لە کارمەندانی پلەباڵای باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە "ئۆتریش" بووە. ئەو کارمەندەی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتی سەفەر بۆ "پاریس" بۆمبێکی بەهێزی پێ بووە کە لەگەڵ دوو کەسی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران.

"ئەسەدی" دیپلۆمات تێرۆریستی ئێران هەڕەشەی کردبوو، لە ئەگەری بە تاوانبار ناسینیدا گرووپی دیکەی نەناسراو عەمەلیاتی تۆڵەکارانە ئەنجام دەدەن.