کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کرایەوە

17:10 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵڕۆژی دامەزرانی شاری سلێمانی، پیشانگایەکی نێودەوڵەتیی کتێب لەو شارەدا کرایەوە.

ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، لە شاری سلێمانی، هاوکات لەگەڵ ٢٣٥هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەم شارە لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن "سلێمان پاشا"ی بابانەوە، پیشانگایەکی نێوەدەوڵەتیی کتێب کرایەوە.

لەم پیشانگایە چەندین ناوەند و دەزگای چاپەمەنی لە چەندین وڵاتدا وەکوو: ئێران، لوبنان و میسر بەشدارییان کردبوو و کتێبەکانی خۆیان بۆ فرۆشتن خستە بەر دیدی ئەو کەسانەی کە سەردانی پیشانگاکەیان دەکرد.

پیشانگاکە لە چەندین ژوور پێک هاتووە کە لە بواری جۆراجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، مێژوویی و...، بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، کوردی و هەروەها زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردی کتێبی لە خۆ گرتووە.

ئەم پیشانگایە، هەتا ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، بە ماوەی ٩ ڕۆژ بەردەوامە و درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات.

دانانی ئەم پیشانگایە نیشانەی گرنگیی کتێب و کتێبخوێنی لە کۆمەڵگای کوردستانە کە دەکرێت لە ڕێگای دانانی پیشانگاگەلێکی لەم چەشنە زیاتر پەرە بە فەرهەنگی کتێبخوێنی بدرێت و کتێب ببرێتە نێو ژیانی خەڵکەوە.